سودانی: لە رادەبەدەر وریاین لە پاراستنی بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکان


وێستگەنیوز-

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ دەیبینین، لە سایەی خوێنی شەهیدانەوەیە، ئاماژە بەوەشدەکات، هیچ لایەنێک مافی جێگرتنەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی نییە.


بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، ئەمڕۆ شەممە 26ی تەموزی 2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی بەشداریکردن لە یادی شۆڕشی بیستەم لەگەڵ سەرۆک هۆزکانی پارێزگای بابل رایگەیاند، "ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ دەیبینین، لە سایەی خوێنی شەهیدانەوەیە، کە لە شەڕی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەوە دەستپێکرد تاوەکو کۆتایی شەڕی تیرۆر".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە رێگە بە هیچ تاک و قەوارەیەک نادەین لەسەر بنەمای ئایین یان بیروباوەڕ پێوەر و پۆلێنکردن بۆ کۆمەڵگە دابنێت و هیچ کەسێک لە پاراستنی ئاسایش و یەکڕیزی و سەروەری وڵاتدا خۆی لە رۆڵەکانی گەل بە زیاتر نەزانێت".

سودانی وتی، "سنووردارکردنی هەڵگرتنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، پایەی بنەڕەتی دەوڵەتێکی بەهێز و و شکۆمەندە، هیچ لایەنێک مافی دەستبەسەرداگرتنی ئەم بڕیارە و جێگرتنەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی نییە".

وتیشی، "پێویستە لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری و تێگەیشتن بن لە مەترسی دۆخ و ئاستەنگەکانی ناوچەکە، پابەند بووین بە سیاسەتی ژیرانە و هاوسەنگی لە نێوان هەڵوێستی پرەنسیپیان لە رەتکردنەوە دەستدرێژییەکان و هەوڵە سیاسی و یاسایی و میدیایی و فریاگوزارییەکانیان".

ئەوەشی خستەڕوو، "لە رادەبەدەر وریا بووین لە پاراستنی بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکان و دوورخستنەوەی وڵاتەکەمان لەو شەڕەی کە دەیان ویست تێیدا بەشدار بین".

لەبارەی غەززەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت، ئەوپەڕی بێبایەخی و بێڕێزیکردنە بە بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییەکان، و بێڕێزیکردنە بە ڕێکخراو و دامەزراوە نەتەوەییەکان، مردن ئەمڕۆ لە غەززە بەبۆنەی برسێتی و تینوێتییەوە، نەک بە هۆی هێرشکردن بە چەکی جۆراوجۆرەوە".


PM:10:00:26/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت