وێستگەنیوز_
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، وەزیری دەرەوە لەسەر بابەتی پێدانی مووچەی فەرمانبەران، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مەترسی گروپە چەکدارەکانی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ سوودانی دا کردووە.
تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی وزە، بەتایبەتیش ئەوانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، و جەختی لە گرنگیی لێپرسینەوەی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا کردەوە.
هەروەها، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە گرنگیی پێدانی بەردەوامی مووچەی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە کرد".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرسێکی دیکەی قسەکانی نێوانیان حەشدی شەعبی بووە کە مارکۆ روبیۆ "نیگەرانیی قووڵی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتکردەوە کە لە ئێستادا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و جەختی لەوە کردەوە کە هەر یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی نفوزی ئێران و گروپە چەکدارە تیرۆریستییەکان، کە ئەمەش سەروەریی عێراق لاواز دەکات".
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی روبیۆ هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دوێنێ سێشەممە، 22ـی تەمموزی 2025، بڕی 120 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2025 بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ بەغدا پارەی مووچە رەوانە بکات.
AM:08:43:23/07/2025
ئهم بابهته 624
جار خوێنراوهتهوه