وەزارەتی دارایی عێراق: دەستمانکرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تەموزی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "بەپێی بڕیاری 550ی ئەنجومەنی وەزیران کە لە کۆبوونەوەی بەپەلەی رۆژی پێنجشەممە 17ی تەموزی 2025 پەسەندکرا، رێگە بە وەزارەتی دارایی درا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ خەرج بکات".


ئاماژە بەوەکراوە، "خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار دوای پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێم، بەپێی رێککەوتنەکە بێت، هەرێمی کوردستان رۆژانە ئەو بڕە نەوتەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بەرهەمی دێنێت رادەستی سۆمۆی بکات کە بەپێی رێککەوتنەکە رۆژی 230 هەزار بەرمیل نەوتە، هەروەها مانگانە رادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی هەرێم بە بەغدا".

وەزارتی دارایی عێراق دووپاتیکردەوە، کە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دوایین بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا.


PM:12:52:22/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو