دادگای فیدڕاڵی هەڵوەشانەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە
وێستگەنیوز_
دادگای فیدڕاڵی هەڵوەشانەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی رەتکردەوە.
عومەر گوڵپی، کاندیدی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە "ئەمڕۆ ئامادەبووین لە دادگای باڵای ئیتیحادی، بە پاساوی ئەوەی سکاڵاکە لە پسپۆڕی دادگا نییە، داواکەمان ڕەد کرایەوە، ئێمە ئەوەی لە پێناو خەڵکدا بێت دەیکەین و ماندوو نابین".
ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی 7ـی 2025، دادگای فیدراڵیی عێراق دادبینی بۆ سکاڵاکانی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد کە لەلایەن عومەر گوڵپی و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمارکرابوون.
دادگا ئەمڕۆ دادبینی بۆ سێ سکاڵا دەکرد کە دووانیان تایبەت بوون بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دادگای فیدراڵی رۆژی 13ـی ئەم مانگە دادبینی یەکەمی بۆ سکاڵاکان ئەنجامدا، بەڵام بڕیاری نەدا و بڕیاردانی بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ دواخست.
سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەوتووی کۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو، تێیدا داوای کردبوو دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 20ـی تشرینى یەکەمى 2024ـى پەرلەمانی کوردستان، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پابەندبکات لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردنەکە دووبارە بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی سەرجەم پەرلەمانتاران ئیمتیازاتە مادییەکانیان لێوەربگیرێتەوە.
دووەم سکاڵاش سکاڵاکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و داواکاربوو دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان، چونکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوادەی خۆیدا، ئەم خولەی پەرلەمانی هەڵنەوەشاندووەتەوە، لەکاتێکدایە لە وادەی یاسایی خۆیدا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێرێت.
PM:12:05:21/07/2025
ئهم بابهته 652
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت