دادگای فیدراڵی دادبینی بۆ سکاڵاکانی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی 7ـی 2025، دادگای فیدراڵیی عێراق دادبینی بۆ سکاڵاکانی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات،  کە لەلایەن کاندیدێکی سەرکەوتووی کۆمەڵی دادگەریی و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەران تۆمارکراون.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگا، ئەمڕۆ دادبینی بۆ سێ سکاڵا دەکرێت، کە دوانیان تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دادگای فیدراڵی رۆژی 13ـی ئەم مانگە دادبینی یەکەمی بۆ سکاڵاکان ئەنجامدا، بەڵام بڕیاری نەدا و بڕیاردانی بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ دواخست.

سکاڵای یەکەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەوتووی کۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، تێیدا داوای کردووە، دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 20ـی تشرینى یەکەمى 2024ـى پەرلەمانی کوردستان، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پابەندبکات لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردنەکە دووبارە بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی سەرجەم پەرلەمانتاران ئیمتیازاتە مادییەکانیان لێوەربگیرێتەوە.

دووەم سکاڵاش سکاڵاکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ'ـیە لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە و داوای کردووە، دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان، چونکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوادەی خۆیدا، ئەم خولەی پەرلەمانی هەڵنەوەشاندووەتەوە، لەکاتێکدایە لە وادەی یاسایی خۆیدا نەیتوانیوە دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێرێت.

نزیکەی هەشت مانگ بەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە کە پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون، بەڵام دانیشتنەکە تەواو نەکرا و نەتوانرا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرن، بەوهۆیەوە پەرلەمانی کوردستان هیچ کارێک ناکات و هێشتاش نەتوانراوە کابینەی نوێی حکومەت پێک بهێندرێت.


AM:08:56:21/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت