وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق: هێرشە درۆنییەکان لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کراون


وێستگەنیوز-

وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ هەینی 18ی تەموزی 2025، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەمای راسپاردەکانی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق تایبەت بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا کە ئەفسەرانی باڵا و پسپۆڕ لەخۆبگرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە ئەنجام درا، دوای لێکۆڵینەوەکان گەیشتنە ئەنجامی گرنگ و یەکلاکەرەوە، کە بریتین لە:

- دەستنیشانکردنی سەرچاوەی دروستکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە هێرشەکاندا بەکارهێنراون، دەرکەوت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە جەنگین و بە کێشی جیاواز لە دەرەوەی عێراق دروستکراون.

- دەستنیشانکردنی وردی شوێنی هەڵدانی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە، کە سەلمێندرا لە شوێنێکی دیاریکراو لە ناو خاکی عێراقەوەیە.

- لیژنەی لێکۆڵینەوە پشتڕاستی کردەوە کە هەموو ئەو درۆنانەی لە هێرشەکاندا بەکارهێنراون لە یەک جۆرن، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی لایەنی ئەنجامدەر یەک لایەنە.

- لەسەر بنەمای ئەوەی پێشکەشکراوە، سەرکردایەتییە ئەمنی و سەربازییەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە سازش لە هیچ هەڕەشەیەک ناکەن ئاسایش و سەلامەتی هێزە چەکدارەکانمان و تواناکانی دەوڵەتی عێراق بکاتە ئامانج، هەروەها رێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لەم کارە تێوەگلاون، رەوانەی دەسەڵاتی دادگای دادپەروەری عێراق دەکرێن بۆ ئەوەی بەپێی یاسا بگەن بە سزای خۆیان.

- ئەم هێرشە دوژمنکارانە و ترسنۆکانە، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری نیشتیمانی دادەنرێت و رێگە نادرێت هیچ لایەنێکی ناوخۆیی یا دەرەکی ئاسایش و سەقامگیری عێراق تێکبدات.


PM:07:45:18/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو