ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق ئاشکراکرا
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەموزی 2025، هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە کۆشکی بەغدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی د. عەبدولـلەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پێویستی پاراستنی ئەو رێڕەوە کرا، کە حکومەت بۆ پاراستنی عێراق لە مەترسییەکان و پاراستنی ئاسایشی وڵات گرتوویەتێبەر.
ئاماژە بەوەدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان کرد و پاڵپشتی ئەو هەنگاوانەیان کرد، کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجامی دەدات.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە رێککەوتننامەی رێکخستنی کەشتیوانی لە خور عەبدوڵڵا کرد، کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی بەڕێزەوە بەپێی یاسای (42)ی ساڵی 2012 پەسەندکرا و دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا کە نیسابی فەرمی بۆ یاسادانانەکەی لە ڕووی پێکهاتەوە نادەستوورییە، بەپێی بڕیارەکەی لە داوای ژمارە (105/ و یەکگرتووەکەی 194/ فیدراڵی/ 2023).
وەک نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کرا لەسەر ئەمانەی خوارەوە کرا:
1- پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران رێوشوێنی یاسایی پێویست یەکلا بکاتەوە، و بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی کە پێویستی بە دووبارە دەرکردنەوەی یاسایی پەسەندکردنی رێککەوتنەکەیە بە شێوەیەکی دروست.
2- هەر یەک لە سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەو داواکارییەی کە پێشکەشی دادگای فیدراڵیان کردووە بیکشێننەوە، بەو پێیەی دوای بەڕێوەچوونی لە ڕێڕەوەی یاسادانان پێویست ناکات.
3. دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و میساقەکانی نەتەوەییەکان و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
سێ سەرۆکایەتییەکە جەختیان کردەوە لەسەر، پێویستی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە نێودەوڵەتییەکان بە وریاییەوە و دوورکەوتنەوە لە قۆستنەوەیان بۆ مزایەدەکردنی سیاسی و میدیایی و زیادکردنی داواکاری، چونکە ئەمە زیان بە مافەکانی عێراق و ناوبانگی دەرەکی و بەرژەوەندییەکانی دەگەیەنێت.
PM:01:26:08/07/2025
ئهم بابهته 4188
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت