موقته‌دا سه‌در داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشیاكان ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 4ـی ته‌ممووزی 2025 موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانیی شیعی دووپاتیكرده‌وه كه به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق ناكه‌ن تاكو میلیشیاكان هه‌ڵنه‌وه‌شێندرێنه‌وه و چه‌ك راده‌ستی ده‌وڵه‌ت نه‌كرێت
موقته‌دا سه‌در له په‌یامێكدا نووسیوویه‌تی: "ئه‌وه‌ی ده‌توانێت با به‌شداریی نه‌كات، ئه‌وه‌ی ناشتوانێت، با رێگه‌ی چێژی ده‌سه‌ڵات بگرنه به‌ر".
ده‌شڵێت: "ڕاستی جێگیر نابێت، درۆش شكست ناهێنێت، ته‌نها به راده‌ستكردنی چه‌ك به ده‌وڵه‌ت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشیاكان و به‌هێزكردنی سوپا و پۆلیس و گره‌نتی كردنی سه‌ربه‌خۆیی و ملكه‌چنه‌كردنی عێراق، هه‌روه‌ها به‌دواداچوونی رژد بۆ چاكسازیی و لێپرسینه‌وه له گه‌نده‌ڵكاران نه‌بێت".
له كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا موقته‌دا سه‌در هۆشداریی داوه و رایگه‌یاندووه كه "ئه‌وه‌ی شاراوه‌ته‌وه، گه‌وره‌تره."
ڕۆژی 27ـی ئاداری 2025، موقته‌دا سه‌در په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و تێیدا رایگه‌یاندبوو "به‌شداریی پرۆسه‌ی داهاتووی سیاسی عێراق ناكات كه ته‌نیا له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی تائیفی و حزبییه".
بڕیاره هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له 11ی تشرینی دووه‌می ئه‌م ساڵ ئه‌نجام بدرێت، كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئاماده‌كارییه‌كانی له‌وباره‌وه ده‌ستپێكردووه.
PM:12:08:04/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 712
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت