كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان: نزیكه‌ی 8000 كه‌س خۆیان بۆ په‌رله‌مانی عێراق كاندید كردووه
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی تیمی میدیایی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند كه نزیكه‌ی 8000 كه‌س خۆیان بۆ 329 كورسی په‌رله‌مانی عێراق كاندید كردووه، ده‌شڵێت: "دوو رۆژی دیكه وردبینیی ناوه‌كانیان ته‌واو ده‌كات و دواتر ده‌نێردرێت بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیدار".
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2ی ته‌مموزی 2025 عیماد جه‌میل، سه‌رۆكی تیمی میدیایی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند كه "نزیكه‌ی 8000 كه‌س خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كاندید كردووه".
عیماد جه‌میل وتی: "دوای ته‌واوبوونی وردبینییه‌كه‌یان له دوو رۆژی داهاتوودا، كۆمسیۆن ناوه‌كان بۆ پشكنینی شایسته‌یی ره‌وانه‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كات".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بریتین له وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری، ناوخۆ، په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا، ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ری، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی، ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه و دادپه‌روه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی به‌ڵگه و تاوان، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆكی تیمی میدیایی كۆمسیۆن بۆ رووداو وتیشی: "پێویسته ئه‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیدارانه له 15 رۆژدا وه‌ڵامی كۆمیسیۆن بده‌نه‌وه، دواتر ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران ناوی كاندیده‌كان په‌سند ده‌كات."
بڕیاره هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له 11ی تشرینی دووه‌می ئه‌م ساڵ ئه‌نجام بدرێت كه له 329 كورسی پێكهاتووه، 320یان گشتی و 9ی تایبه‌ته به كۆتاكان.
PM:04:51:02/07/2025
ئه‌م بابه‌ته 544
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت