رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا چۆن دادگای فیدراڵی تووشی کێشە کرد؟
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی حوزەیرانی 2025، شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگی دادگای فیدراڵی نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد، هۆکارەکەشی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێک بوو لەبارەی رێککەوتنی "خۆر عەبدوڵڵا" لەنێوان کوەیت و عێراق.
ساڵی 2013 لە سەردەمی کابینەکەی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق بە ئامانجی رێکخستنى جوڵەى دەریاوانى هەردوو حکومەتی عێراق و کوەیت رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا واژۆکرد و بەندەرەکە لە نێوانیان دابەشکرا کە لەسەر ئاوى کەنداوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەر لەو ساڵەدا بە زۆرینەی دەنگ پەسەندی کرد.
بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز بێت، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی ئەمڕۆی ئەندامانی دادگای فیدراڵی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حاکم جاسم کە سەرۆکی دادگاکەیە ویستوویەتی بڕیارێک هەڵبوەشێنێتەوە کە تایبەت بووە بە "رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا لە نێوان عێراق و کوەیت"، بەڵام ئەندامانی دادگاکە رازی نەبوون و پێیان وابووە بڕیارەکە تاکڕەوییە.
هەوڵەکەی دادگای فیدراڵی دوای ئەوەهات، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایان لە دادگای فیدراڵی کرد لە بڕیارەکەی بۆ راگرتنی کارکردن بە رێککەوتنەکە پاشگەز ببێتەوە، هەروەها سکاڵاکاران کە سکاڵایان لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردبوو، داوایان کرد دادگاى باڵاى فیدراڵى لە بڕیارێکەی پاشگەزبێتەوە بۆ بە نادەستوورى دانانى یاساى ژمارە 42ى ساڵى 2013 کە تایبەتە بە رێککەوتنامەى نێوان عێراق و کوەیت بۆ رێکخستنى دەریاوانى لە بەندەرى خۆر عەبدوڵڵا.
ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەو داواکارییەی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق پەسەند بکات، دەبێت لەو بڕیارەی پاشگەزبێتەوە کە ساڵی 2023 دەریکرد و رێككەوتنی خۆر عەبدوڵڵا بە نادەستوری ناوبرد، ئەوەیش بە پاساوی پێشێلكردنی بڕگەكانی مادەی (61/ بڕگەی 4)ی دەستوور و رایگەیاند، "پەسەندكردنی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان بەیاسایەك رێكدەخرێت، كە بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندكرابێت".
بەندەری خۆر عەبدوڵڵا رێڕەوێکی ئاوییە کە دەکەوێتە نێوان عێراق و کوەیت لەسەر کەنداوی عەرەبی، ئەم بەندەرە بۆ هەردوو وڵات گرنگە و هەر ئەمەش وایکرد ناکۆکییان هەبێت لەسەری و لە ساڵی 2013 لەدوای گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوان هەردوو حکومەت بە ئامانجی رێکخستنى جوڵەى دەریاوانى رێککەوتنی "خۆر عەبدوڵڵا" لەنێوان هەردوو حکومەت واژۆکرا، هەر لە سەرەتاوە رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، رەخنەی ئەوە لە رێککەوتنەکە گیرا کە بەشی ئاوی عێراق دراوە بە كوەیت.
PM:07:00:19/06/2025
ئهم بابهته 6500
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت