موقته‌دا سه‌در داوای خۆپیشاندن دژی ئیسرائیل و ئه‌مریكا ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانیی شیعی داوای له عێراقییه‌كان كرد كه رۆژی هه‌ینی خۆپیشاندانی ئاشتییانه بكه‌ن بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌مریكا و پێشێلكردنی ئاسمانی عێراق.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 18ی حوزه‌یرانی 2025، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانیی شیعی، له هه‌ژماری خۆی له پلاتفۆڕمی ئێكس، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه، تێیدا داواكاره "راسته‌وخۆ دوای نوێژی هه‌ینی داهاتوو، خۆپیشاندانێكی ئاشتییانه له عێراق به‌ڕێوه بچێت".
سه‌در ده‌ڵێت كه ئامانج له خۆپیشاندانه‌كه، "سه‌ركۆنه‌كردنی تیرۆری زایۆنی و ئه‌مریكا و فراوانخوازییه ئیستیعمارییه‌كه‌یان و دژایه‌تی گه‌لان و ئاینه‌كانه و ئه‌و كۆمه‌ڵكوژی و ده‌ستدرێژییانه‌ی بۆسه‌ر وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن وه‌ك چۆن هێرش ده‌كه‌نه‌سه‌ر ئێرانی دراوسێ، فه‌ڵه‌ستین، لوبنان، سوریا و یه‌مه‌ن".
موقته‌دا سه‌در باسی له‌وه‌شكردووه كه هاوكات خۆپیشاندانه‌كه بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی به‌زاندنی ئاسمانی عێراقه كه زیان به خه‌ڵك و پیرۆزییه‌كانمان ده‌گه‌یه‌نێت".
راشیگه‌یاندووه كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌ركی خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانه ئاشتییانه ئه‌نجام بده‌ن و "گه‌نده‌ڵه‌كان" به‌شداری نه‌كه‌ن.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی هه‌ینی 13ـی حوزه‌یرانی 2025، سوپای ئیسرائیل به فڕۆكه‌ی جه‌نگی و درۆن، هێرشی كرده سه‌ر ئێران و بۆردوومانی دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كان، كارگه‌كانی دروستكردنی مووشه‌كی بالیستی كرد و ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده سه‌ربازیی و زانایانی ئه‌تۆمیی ئێرانشی كوشت.
له وه‌ڵامدا ئێران له دره‌نگانی شه‌وی هه‌ینی سه‌دان مووشه‌كی بالیستی ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرد.
PM:09:32:18/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 484
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت