حیزبوڵڵای عێراق: ئەمریکا دەستوەردان لەم شەڕەدا بکات، بێ دوو دڵی هێرش دەکەینە سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی لە ناوچەکەدا
وێستگەنیوز_
کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق دەڵێت، ئێران خۆی دەتوانێ ئەم جەنگە بکات کە ئیسرائیل دەستی پێکردووە و پێویستی بە هیچ لایەنێکی دیکە نییە. دووپاتیشی دەکاتەوە، "ئەمریکا دەستوەردان لەم شەڕەدا بکات، بێ دوو دڵی هێرش دەکەینە سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی لە ناوچەکەدا".
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی 6ـی 2025 ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی قەوارەی زایۆنیی تاوانکار، پێویستی بە هیچ پشتیوانییەکی سەربازیی هیچ لایەنێک نییە، چونکە خاوەنی ئەو کەس و توانایانەیە کە بەسە بۆ ئەوەی لووتی نەتەنیاهوو بشکێنێت و کۆنترۆڵی ستەمکاریی ئەم قەوارە داگیرکەرە بکات".
بە وتەی حمێداوی، "لە کاتێکدا کە ئێران بە ئازایەتی و خۆڕاگرییەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی زایۆنییەکان دەبێتەوە، ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی جووڵەکانی سوپای دووژمنی ئەمریکی دەکەین لە ناوچەکە و ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان بکاتە نێو شەڕەکەوە، ئەوا بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بێ دوودڵی هێرش دەکەینە سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی لە ناوچەکەدا".
هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، ئەرکە لەسەر حکومەتی عێراق، برایان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و دڵسۆزانی ناو دەسەڵاتداران کە بەرپرسیاریێتی هەڵبگرن و هەڵوێستێکی ئازایانە وەربگرن بۆ ئەوەی بازنەی شەڕ فراوانتر نەبێت، ئەویش بە داخستنی باڵیۆزخانەی خراپەی هەرە گەورە و دەرکردنی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا لە وڵات، چونکە ئەوان روونترین و مەترسیدارترین هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە".
PM:03:27:15/06/2025
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت