سودانی: ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئێران كرا، پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه
وێستگه‌نیوز-
له‌میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی دژی داعش، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند كه ئه‌وه‌ی دژ به ئێران كرا پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای یاسای نێوده‌وڵه‌تییه و كارێكی دوژمنكارانه‌یه، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه عێراق به‌ته‌واوه‌تی ره‌تیده‌كاته‌وه خاك یان بواری ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌كاربهێنرێت.
نوسینگه‌ی رایگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ هه‌ینی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ ستیڤن ڤاگن، هه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا و ژه‌نه‌راڵ كیڤن لیهی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كۆبوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، سودانی له میانی دیداره‌كه‌دا رایگه‌یاندووه كه "ئه‌وه‌ی دژ به ئێران كراوه پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه و كارێكی دوژمنكارانه‌یه كه رێساكانی سیستمی نێوده‌وڵه‌تیی تێك ده‌دات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "هێرشه‌كه له‌كاتێكدایه كه هێشتا هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كان به‌رده‌وامن و ئه‌وه ته‌نیا هه‌وڵه‌كانی ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه تێكنادات، به‌ڵكو نیازی به‌ئه‌نقه‌ست بۆ راكێشانی ناوچه‌كه به‌ره‌و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی به‌فراوانتر ئاشكرا ده‌كات، له‌بری ئه‌وه‌ی رێگریی لێبكات".
سودانی وتویه‌تی: "عێراق به‌ته‌واوه‌تی ره‌تیده‌كاته‌وه، خاك یان بواری ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌كاربهێنرێت بۆ جێبه‌جێكردن یان ئاسانكاریكردن بۆ هه‌ر هێرشێكی دوژمنكارانه دژ به هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ".
جه‌ختیشی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه "عێراق ماف و به‌رپرسیارێتیی هه‌یه پارێزگاریی له سه‌روه‌ریی خۆی بكات و حكومه‌ت هه‌مو رێكارێكی یاسایی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌گرێته‌به‌ر".
ئه‌وه له‌كاتێكدایه له كاتژمێره‌كانی سه‌ره‌تای به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ئیسرائیل هێرشێكی سه‌ربازی "پێشوه‌خته"ی بۆ سه‌ر پێگه سه‌ربازی و ئه‌تۆمییه‌كان له ناو خاكی ئێران ده‌ستپێكرد. هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بوه هۆی كوژرانی لانیكه‌م 20 فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی، له‌نێویاندا فه‌رمانده‌ی سوپا و سه‌رۆكی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی هه‌یه.
PM:05:51:13/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 540
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت