باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌سه‌ر گرانكردنی ڤیزای سوریا بۆ عێراقییه‌كان روونكردنه‌وه ده‌دات
وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 10ی حوزه‌یرانی 2025 باڵیۆزخانه‌ی عێراق له دیمه‌شق رایگه‌یاند كه هه‌واڵی زیادكردنی پاره‌ی ڤیزای سوریا بۆ عێراقییه‌كان دووره له راستییه‌وه.
هه‌ندێك له میدیاكانی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌واڵی ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه كه گوایه نرخی ڤیزای سوریا له‌سه‌ر هاوڵاتیانی عێراقی بۆ زیاتر له 250 دۆلار به‌رزكراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش جۆرێك له مشتومڕو گاڵته‌جاڕیی به‌دوای خۆیدا هێنا.
باڵیۆزخانه‌ی عێراق له دیمه‌شق له‌سه‌ر ئه‌و پرسه راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و تیایدا هاتووه كه "له په‌یوه‌ندیداین له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی سوریا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، ئێمه‌ش ڕاستی ئه‌و هه‌واڵه‌مان بۆ پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه".
باڵیۆزخانه‌كه دووپاتیكرده‌وه كه "هیچ زیادبوونێك له كرێی ڤیزادا نه‌بووه"، جه‌ختیشیكرده‌وه كه "گرنگه ته‌نها پشت به ماڵپه‌ڕه فه‌رمی و متمانه‌پێكراوه‌كان بۆ زانیاری ببه‌ستن".
له‌دوای رووخانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له سوریا و هاتنه‌سه‌ر كاری ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌ی (ته‌حریر شام)، گه‌شتی فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی نێوان عێراق و سوریا راوه‌ستاوه و ئه‌مڕۆش وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق ئه‌وه‌ی پشتڕاستكرده‌وه كه هێشتا گه‌شته‌كان ده‌ستیان پێ نه‌كردوه‌ته‌وه، جگه له چه‌ند حاڵه‌تێكی سنورداری كۆمپانیای فڕۆكه‌وانیی (أجنحه الشام)ی سوریا كه ئه‌وه‌ش ده‌مێكه راوه‌ستاوه.
PM:05:01:10/06/2025
ئه‌م بابه‌ته 1736
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت