كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆتاییهات و هیچ بڕیارێك لەبارەی مووچەوە نەدرا
وێستگەنیوز_
كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆتاییهات و هیچ بڕیارێك لەبارەی مووچەوە نەدرا. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوودا وتویەتی: "بەڵێنی ناردنی مووچە نادەم."
ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی 6ـی 2025، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو لە كۆبوونەوەكەدا پشووی جەژنی قوربان دیاریكرا كە چوار رۆژە و لە 6ی حوزەیران پشووەكە دەستپێدەكات و لە 10ی حوزەیران كۆتایی دێت.
هەرچەندە بڕیاربوو لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەوە بدرێت، بەڵام كۆبوونەوەكە كۆتاییهات و هیچ بڕیارێك لەبارەی خەرجكردنی مووچەوە نەدرا.
ئەمە لە کاتێکدایە، تەنیا چەند رۆژێکی کەمی بۆ جەژنی قوربان ماوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە.
ئەو بابەتە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش باسکرا.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو رایگەیاند: "محەممەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا وتی، هیچ بەڵێنێک نادات پێش جەژن مووچەی مانگی ئایار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، "محەممەد شیاع سوودانی وتی، یەک رێگە هەیە بۆ ناردنی مووچە، ئەویش ئەگەر دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیار بدات کە دەبێ مووچە بنێردرێ، ئەگەرنا ناتوانم بەڵێن بدەم پێش جەژن مووچە دەنێردرێت."
PM:07:28:03/06/2025
ئهم بابهته 1220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت