عێراق بڕیاریدا بۆ سێ مانگى هاوین بێ بەرامبەر گاز بدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا، بۆ سێ مانگى هاوین بێ بەرامبەر گاز بدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان بۆئەوەى 20 کاتژمێر کارەبا بدەنە هاوڵاتیان و وەزارەتى دارایی سەرپشککرد قەرز بکات بۆ جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەکى کەرتى کارەبا.
   
لە بڕیارەکاندا کە ئەمرۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەریکرد، بڕیاردرا گاز بەبێ بەرامبەر بدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان بەمەبەستى دابینکردنى کارەبا بۆ هاوڵاتیان، بۆ هەر یەک کەی ڤى، 45 لیتر گاز دەدرێتە خاوەن موەلیدەکان بۆ مانگەکانى حوزەیران و تەممووز و ئاب. 

بەپێی بڕیارەکە، نابێت رۆژانە لە 20 کاتژمێر کارەبا کەمتر بدەن، ئەگەر بە نۆرەش بێت لەگەڵ کارەباى نیشتمانى، پێویستە 12 کاتژمێر کارەبا بدەن. 
 
هەروەها بڕیاردراوە کە، لیژنەیەکى تایبەتمەند نرخى ئەمپێرى موەلیدە ئەهلییەکان و کاتى کارپێکردنیان دیاری دەکات و هەر ئەو لیژنەیەش چاودێریى ماوەى دابینکردنى کارەبا و پارەکەى دەکات. 
 
پارەى ئەو بڕە گازەى بەبێ بەرامبەر دەدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان، لەلایەن وەزارەتى داراییەوە دەدرێتە کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان.    
 
وەزارەتى کارەباى عێراق 28 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزى هاوین دا پێویستى بە 54 هەزار مێگاوات کارەبایە.


PM:06:56:11/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت