نوری مالیکی: هاتنی سەرۆکی سوریا بۆ عێراق رەتدەکەمەوە


وێستگەنیوز-

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، حزبی بەعس بە رێکخراوێکی پێشکەوتوو لە عێراق چالاکی دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، هاتنی سەرۆکی سوریا بۆ عێراق رەتدەکەمەوە.


نوری مالیکی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (ای نیوز) رایگەیاند، "حزبی بەعس بە رێکخراوێکی پێشکەوتوو لە عێراق چالاکی دەکات، بەشێک لە بەعسییەکان دزەیان کردووەتە ناو پێگە گرنگەکانی دەوڵەت".

ئاماژەی بەوەکرد، "هەندێک لە وڵاتانی دەوروبەرمان پڕۆژەی تیرۆریان هەیە بۆ عێراق و راهێنانیان بە تیرۆرستان دەكەن".

لەبارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە مالیکی وتی، "ئەنجومەنی نوێنەران بووەتە ئەنجومەنێكی پەككەوتوو، ئەوەش پرسێكە کە سەرۆکایەتیەكەی لێی بەرپرسیارە".

باسی لەوەشکرد، "یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەی تەکنیکی هەیە، هەروەها دەمانەوێت هەڵبژاردن کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە بێت، دوور لە دەوڵەت، پۆست یان پارە".

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەبارەی هاتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا بۆ عێراق دەڵێت، "سەردانی شەرع بۆ بەغداد بە تەواوی رەتدەکەمەوەو لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ئەوەم وتووە".

باسی لە گەڕانەوەی موقتەدا سەرد کرد و وتی، "هیوادارم موقتەدا سەدر بگەڕێتەوە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی و سەقامگیری".

وتیشی، "حکومەتی ئێستا شکستیهێناوە لە ناردنی خشتەكانی بودجە، منیش بە تەواوی بێ ئومێدم لەم پەرلەمانەی ئێستا".

هەروەها مالیکی دەشڵێت، "هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردنەکان، بۆ پێکهێنانی گەورەترین كوتلە".

راشیگەیاند، "بە ئەمریکییەکانم راگەیاند هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی یان تێکەڵکردنی بە سوپا بە تەواوی رەتدەكەمەوە".


AM:11:54:11/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت