د.لەتیف رەشید: پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدان
وێستگەنیوز-
سەرۆک کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، گەشبینم بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەشدەکات، سورن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەکاتی خۆیدا.
ئەمڕۆ شەممە 10ی ئایاری 2025، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تایبەت لە کەناڵی حەدەس رایگەیاند، "پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدان و هەردوولا بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیان، لەوانەش مووچە".
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، "گەشبینم بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان".
سەرۆک کۆماری عێراق باسی لە هەڵبژاردن کرد و وتی، "سورین لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی خۆیدا، هەروەها داوا لە هەموو قەوارە سیاسییەکان دەکەم بەشداری هەڵبژاردن بکەن".
لەبارەی سوریاوە د. لەتیف رەشید دەڵێت، "هیوادارین گەلی سوریا بە هەموو مافەکانی خۆیان بگەن، هەروەها پەیوەندییەکانی عێراق و سوریا بۆ هەردوو وڵات گرنگن".
جەختیشی لەوەکردەوە، "رێگە نادەین لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێمان".
سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند، "پەیوەندی بەهێزمان لەگەڵ ئێران و ئەمریکادا هەیە و دانوستانەکانیان کاریگەریان لەسەر ناوچەکەمان هەیە".
هەروەها لەبارەی هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا باسی لەوەکرد، "هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان بەردەوامە".
وتیشی، "عێراق پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین دەکات و داوای راگرتنی شەڕ لە غەززە دەکات و خزمەتگوزاری و هاوکاری مرۆیی پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی مافە رەواکانی بەدەستبهێنێت".
PM:10:12:10/05/2025
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت