بانکى ناوەندیى عێراق لەبارەی حاجیانی ئەمساڵەوە بڕیارێکی دا


وێستگەنیوز-

بانکى ناوەندیى عێراق بڕیاریدا تاوەکو بڕى دوو هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى بداتە ئەو کەسانەى ئەمساڵ حەج دەکەن.


عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، "بۆ ئەمساڵ بڕى دوو هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى دەدرێت بەو ئەو کەسانەی حەج دەکەن، واتە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەدرێتە ئەو کەسانەى حەج دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێدانی 2000 دۆلار بە نرخی فەرمی حاجیانی هەرێمی کوردستانش دەگرێتەوە".

هەروەها داوای کرد، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگییان لەگەڵ بکەن و ناوی حاجیانیان بۆ بنێرن.

ئەو بڕیارە بە گوێرەى نووسراوێکە کە بانکى ناوەندیى عێراق 30ى نیسانى 2025 ئاڕاستەى بانکەکانى رەشید، رافیدەین تى بی ئاى و کۆمپانیاکانى دراوى جۆری (A و B) كردووە.

بانکى ناوەندیى عێراق داواى لێکردوون رێوشوێنى پێویست بگرنەبەر بە زیادکردنى کارمەند لە لقەکانیان کە تایبەتن بە فرۆشتنى دۆلار بەو کەسانەى حەج دەکەن، لەپێناو ئاسانکردنى ئەو پرۆسەیە.

بەپێى نووسراوەکە، ئەو بڕیارە سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە رێگەى وشکانى و ئاسمانى گەشت دەکەن و لە 4ى ئایارى 2025ـەوە لە رێگەى بانکە مۆڵەتپێدراوەکانەوە دەست دەکرێت بە وەرگرتنى داواکارییەکان.


PM:08:09:01/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت