حکومەتی دیمەشق و درووزەکان گەیشتنە رێککەوتن
وێستگەنیوز_
پاش دوو رۆژ لە پێکدادان لە شارۆچکەی جەرەمانە لە نزیک دیمەشقی پایتەخت، دەسەڵاتدارانی دیمەشق و درووزەکان گەیشتنە رێککەوتن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی 4ـی 2025، ئاژانسی هەواڵی سووریا رایگەیاند، محەممەد عەلی، نوێنەری پارێزگاری دەورووبەری دیمەشق و ئەحمەد تەعمە، بەرپرسی کاروباریی سیاسیی دەورووبەری دیمەشق، لەگەڵ نوێنەری کۆمەڵگەی شاری جەرەمانە کۆبووەوە و رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
"پێویستە گەرەنتی گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی گرژییەکان بکرێت، لێپرسینەوەش لەو کەسانە بکرێت کە بوونە هۆکاری درووستبوونی گرژییەکان، هەروەها، روونکردنەوەی رووداوەکان و سنووردانان بۆ گرژیی تایفی و ناوچەیی و کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای دیمەشق و سوەیدا." ئەمە بە گوێرەی رێککەوتنەکە.
دوو رۆژ لەمەوبەر بەهۆی بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی کە تێیدا سووکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام کراوە، پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق و چەکدارە درووزیەکان درووست بوو بە هۆیەوە 14 کەس لەهەردوولا کوژران و زیاتر لە 15 کەسیش برینداربوون.
AM:11:58:30/04/2025
ئهم بابهته 3008
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت