سه‌در وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆكی كۆماری دایه‌وه
وێستگه‌نیوز-
رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانی شیعه وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراقی سه‌باره‌ت به به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن دایه و رایگه‌یاند كه "له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاران و دزانی سه‌ده به‌شداریی ئه‌و پرۆسه‌یه ناكه‌م".
د. له‌تیف جه‌مال ره‌شید سه‌رۆك كۆماری عێراق له نامه‌یه‌كدا كه ئه‌مڕۆ هه‌ینی میدیا عێراقییه‌كان بڵاویان كرده‌وه، داوای له موقته‌دا سه‌در كرد، بڕیاره‌كه‌ی بۆ بایكۆتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه بڕیاره له مانگی تشرینی دووه‌می 2025 ئه‌نجام بدرێت، هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و به‌شداری له پرۆسه‌كه‌دا بكات.
له نامه‌كه‌یدا بۆ موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆك كۆماری عێراق باسی له‌وه كردبوو كه دووركه‌وتنه‌وه‌ی ڕه‌وتی نیشتمانی شیعه له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق كه‌موكوڕییه و داوا ده‌كات به بڕیاری به‌شداریی نه‌كردنیدا بچێته‌وه چونكه عێراق پێویستی به خزمه‌تگوزاریی و ئاوه‌دانییه.
له وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماردا، موقته‌دا سه‌در رایگه‌یاند كه "بۆ ئه‌وه له هه‌ڵبژاردن دوور نه‌كه‌وتمه‌وه تا هه‌ڵبژاردن دوا بخه‌م یاخود هه‌ڵیپه‌سێرم",
سه‌در ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ دزانی سه‌ده و دوژمنانی نیشتمان ناچمه نێو پرۆسه‌یه‌كی سیاسی، به‌ڵكو وه‌ك سه‌ربازێكی نیشتمان ده‌مێنمه‌وه".
ده‌شڵێت: "عێراق له ئه‌ستۆی ئێوه‌یه، پاراستنی پیرۆزییه‌كان و پێكهاته‌كان له ئه‌ستۆی ئێوه‌یه، كه‌س ناتوانێت رزگارتان بكات ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بن".
مانگی ڕابردو موقته‌دا سه‌در به‌شداری نه‌كردنی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به "گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران" كرد.
له حوزه‌یرانی 2022، سه‌در بڕیاریدا له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق بكشێته‌وه و به‌شداری هیچ هه‌ڵبژاردنێكی داهاتوو نه‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی به سیاسه‌تمه‌داره "گه‌نده‌ڵه‌كان"ه‌وه نه‌به‌ستێته‌وه، ئه‌م بڕیاره‌ش دوای بانگه‌وازه‌كه‌ی هات بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی هه‌ر 73 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ی.
PM:03:16:18/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 452
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت