فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا: گروپە چه‌كداره‌كان به‌نیازن دووبارە هێرشکربکەنەوە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا


وێستگه‌ نیوزـ

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا هۆشداری لەبارەی دووبارە هێرشکردنەوە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەدات و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچانە پێکدەهێنێت کە تیایدا هێرشکراوەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق.

به‌ره‌به‌یانی‌ دوێنێ‌ هه‌ینی‌ به‌ چه‌ند مووشه‌كێك هێرشكرایه‌سه‌ر بینای‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ به‌غداو زیانی گیانی لێنەکەوتەوە، ئەمریکییەکان رایانگەیاند، "هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان" دەکەن و لە بەیاننامەیەکی باڵیۆزخانەکەشدا باس له‌وه‌ كرا كه‌ "هێرشەکە لەلایەن میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ بە ئازادی لە عێراق چالاکی دەکەن".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا نوسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كرد و ده‌ڵێت، "گروپە لەیاسادەرچووەکان نیازی ئەوەیان هەیە دووبارە هێرشکربکەنەوە سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

له‌ نوسراوەکەدا هاتووه‌، "گروپە لەیاسادەرچووەکان دەیانەوێت بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچەکە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا هێرشی زیاتر بکەنە سەر باڵیۆخانەی ئەمریکا لە بەغدا".

هاوكات یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگه‌یاند، محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو ناوچانە پێکدەهێنێت کە هێرشکراوەتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەغدا.

وتیشی: "بکەرانی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەکرێن بە پەند بۆ هەر کەسێک بیەوێت یاریی بە ئاسایشی ناوچەکە بکات".


PM:05:37:09/12/2023


ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت