رۆژنامه‌ی ئه‌لمه‌دا: ئێران داوا لە عێراق دەکات ئەندامانی گرووپە نەیارەکان رادەست بکاتەوە


وێستگەنیوزـ

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (ئەلمەدا)، دوای دوو هەفتە لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنی، هێشتا ئێران لە ئاقاری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە رازیی نییە و داواکاری زیاتری هەیە لە لایەنی عێراقی، کە گرنگترینیشیان رادەستکردنەوەی بەشێک لە ئەندامانی گرووپە چەکدارەکانی کوردی ئەو وڵاتەیە.


بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە کۆماری ئیسلامی وای دەبینێت عێراق خاوەخاو دەکات لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا بە تایبەتیی لە دۆسێی رادەستکردنەوەی هەندێک لە داواکراون، کە ئێران بە لیستێک داویەتیە لایەنی عێراقی، هەرچەندە ئەوانە وەک پەنابەر لە عێراق داڵدە دراون. ئەمە لەپاڵ ئەوەی داوای چەکداماڵینی تەواوەتیی ئەو گرووپانە و دەرکردنیان دەکات لەسەر خاکی عێراق.

ئێران لە لێواری ئەنجامدانی هێرشێکی وشکانییدا بوو بۆ سەر خاکی هەرێم لە ناوەڕاستی مانگی پێشوودا بەڵام دوای هەندێک هەنگاوی حکومەتی عێراق هێرشەکەی دوا خست و هێشتاش هەڕەشەی ئەنجامدانی دەکات.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە کە پێشبینیی دەکرا هەمان رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق لەگەڵ تورکیاش بکرێت ئەوی بۆ دوورخستنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ توورکیادا. بەڵام ئێران رێگر بوو لەو هەنگاوە بە ئامانجی ئەوەی خۆی دەستکەوتی زۆرتری هەبێت.

هەرچەندە لایەنی عێراقی زۆر جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکە دەکاتەوە، بەڵام لایەنی ئێرانی زوو زوو ئەوە بە بیردا دەهێننەوە کە هێشتا رێککەوتنەکە زۆر خاڵی تیادا ماون کە جێبەجێ نەکراون.

چەند سەرچاوەیەکی زانیاریی لەناو ماڵی شیعەکانی عێراقەوە بە (المدی)یان وتووە عێراق هەموو پابەندییەکانی سەرشانی لەو رێککەوتنەدا جێبەجێ کردووە تەنیا هەندێک وردەکاریی ماون کە پەیوەستن بە رادەستکردنی هەندێک داواکراو کە کۆماری ئیسلامیی بە پێی یاداشتێکی دەستگیرکردن داوایان دەکات.

ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان وتووە کە عێراق پێی وایە لە دۆسێی رادەستکردنەوەدا پابەندی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئەندامانی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەی وەک پەنابەر داڵدە داوە و هەربۆیە نایەوێت ناوبانگی خۆی لەکەدار بکات بە رادەستکردنەوەیان.

چەند سەرچاوەیەکی زانیاریی کوردییش زانیارییان داوەتە رۆژنامەکە کە زۆرینەی رەهای ئەو گرووپانە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتیی دەکرێن، ساڵانێکی زۆرە پابەندن بە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی ئێران.

بەپێی سەرچاوەیەکی زانیاریی شیعەکانیش بێت، ژمارەی ئەندامانی گرووپە کوردەکانی ئێران لە عێراق نزیکەی 20 هەزار کەسن، بە دووری 40 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی ئێران جێگیر کراون، ئەوەش وای لە عێراق کردووە داوا لە ئێرانییەکان بکات پەلە نەکەن لە چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی سەربازگەکانیان چونکە ئەو پرۆسەیە کاتێکی زۆرتری دەوێت، بە تایبەتیی کە هەندێک لەبارەگاکان لە شوێنی زۆر سەختدا درووست کراون و تەنانەت حکومەتی عێراقیش شوێنەکانیان پێ نازانێت.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە دزەیان پێ کراوە، ئێران رەتی دەکاتەوە ئەو چەکدارانە لە سەربازگە و کەمپ لەسەر خاکی عێراق نیشتەجێ بکرێن، بەڵکو دەیەوێت هاوشێوەی چەکدارانی موجاهیدینی خەڵق کە لە نێوان ساڵانی 2013-2016 گوێزرانەوە بۆ وڵاتی ئەلبانیا، ئەوانیش بۆ وڵاتی سێیەم دوور بخرێنەوە.


PM:01:17:04/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 2084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت