گەڕێکی تری ململانێی بەهێز لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و غاز دەستپێدەکات


وێستگه‌نیوزـ

سێ سەرکردەی باڵای عێراق، هەرێمی کوردستانییان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێنرێت و پەسەند دەکرێت، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان سەقامگیر نابێت.

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "نوری مالکی، هادی عامری و عەمار حەکیم، بە شاندی حکومەتی هەرێمییان وتووە، کێشە داراییەکانی هەرێم چارەسەر دەبێت گەر یاسای نەوت و غاز دەربچێنرێت".

رۆژی 14ی ئه‌یلولی 2023، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بۆ گفتووگۆکردن لە سەر دۆخی دارایی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە سەرکردەی لایەنە عێراقییەکان کۆبوونەوە.

سەرچاوەکەی حکومەت، دەڵێت: "لایەنە عێراقییەکان دەیانەوێت یاسای نەوت و غاز بەجۆرێک پەسەند بکرێت، دەسەڵاتە نەوتییەکانی هەرێم لاواز و هی عێراق بەهێز بکەن".

وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، دوو پرۆژە یاسای نەوت و غازیان ئامادەکردووە، پرۆژە یاساکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوزارشت لە تێڕوانینی عێراق بۆ ئایندەی نەوت و غاز و ئەوەی هەرێمیش گوزارشت لە تێڕوانینی هەرێم دەکات.

بڕیارە وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێم، گفتووگۆ لەسەر پرۆژە یاساکانیان بکەن، تا بگەنە رێککەوتن لەسەر پرۆژە یاسایەک کە رای هەردوولایانی لەسەر بێت، بۆیە چەند کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئامادەبوونی پارێزگاری ئەو پارێزگایانەی دەوڵەمەندن بە سامانی سروشتی ئەنجامدراوە.

قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی هەرێم و سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، گفتووگۆی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی لەسەر پرۆژە یاسای نەوت و غاز بەشێوەی کاتی راگرتووە، بەڵام بڕیارە گفتووگۆکان دەست پێبکرێنەوە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "پرۆژە یاسای نەوت و غاز، یەکێک دەبێت لەو پرۆژانەی مشتومڕی زۆر لەسەر دەبێت لە ناو پەرلەمانی عێراق، بەتایبەت بڕیاربوو پرۆژەکە لە خولەکانی پێشوو تێپەڕێنرایە، بەڵام ئێستا شیاع سودانی کار لەسەر دەرچوواندنی دەکات".

هەروەك وتیشی: "یاسای نەوت و غاز، دەبێت رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی لەسەر بێت، چونکە هەریەکەو سەرنجی خۆی هەیە".

لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە و بەهۆی بردنەوەی عێراق لە تورکیا لەو سکاڵا یاساییەی لەدادگای ناوبژیوانی پاریس تۆماریکردبوو، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم راگیراوە. هەرێم دەیەوێت لە رێگەی یاسای نەوت و غازەوە، بەشێک لەو دەسەڵاتانە بەدەست بهێنێتەوە، کە بەهۆی بڕیارەکەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانییەوە لەدەستیداون.

محەمەد حسێن، توێژەر لە بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "هەرێم دەیەوێت یاسای نەوت و غاز بە جۆرێک دەربچێنرێت، بڕێکی زۆر لەو دەسەڵاتانەی هەیەتی لەبواری وزە بیهێڵێتەوە. بەتایبەت دەسەڵاتی گرێبەست کردن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و دەسەڵاتی ئیدارەدانی کێڵگە نەوتییەکان، واتە هەرێم جۆرێک لە شەراکەتی دەوێت لە فرۆشتنی نەوتدا".

ئەو وتیشی: "لایەنی عێراقیش دەیەوێت یاسای نەوت و غاز بە رۆحیەتی ناوەندگەرێتی توندەوە تێپەڕێنرێت، بەشی زۆری دەسەڵاتەکانی نەوت بەیاسا لەهەرێم وەربگرێتەوە".

جیاواز لە ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر مەسەلەی پرۆژە یاسای نەوت و غاز، ئەو پارێزگایانەی عێراقیش کە خاوەنی نەوت و سامانی سروشتین، دەیانەوێت یاسای نەوت و غاز بەجۆرێک تێپەڕێنرێ، زۆرترین دەستکەوت بۆ پارێزگاکانیان دەستەبەربکەن، بۆیە چاوەڕوانی مشتومڕی توند لەسەر پرۆژە یاساکە دەکرێت.


PM:11:55:03/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 1740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت