سودانی له‌ ساڵرۆژی كۆچی دوایی مام جه‌لال: متمانه‌ی ته‌واو هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی روبه‌ڕوی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌بنه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز-

ئەمڕۆ لە شاری بەغداد رێوڕەسمێك لە ساڵرۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال رێكخرا و سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌شدارییان تێدا كرد.

محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، "سەرۆك مام جەلال هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی عێراقێكی دیموكراتدا تەرخانكرد و كەسایەتییەكی بەهێز و كاریگەری هەبوو و رووبەرووی بەعس و دیكتاتۆرییەت بووە.

 هاوكات پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و وتی، "دەمەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزمەوە و پیرۆزبایی لە بافڵ جەلال تاڵەبانی دەكەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان”.

هەر لە وتارەكەیدا سەرۆك وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو كێشانەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان و عێراق بوونەوە پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و رێگا نادەین سەروەریی خاكی عێراق پێشێلبكرێت و له‌و كاته‌ی هه‌ر جۆره‌ ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی وڵاتانی دراوسێ له‌ خاكی عێراقه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌ستی برایه‌تی و دۆستایه‌تی بۆ هه‌موو لایه‌كیش درێژ ده‌كه‌ین و خوازیاری باشترین په‌یوه‌ندین.

"متمانه‌ی ته‌واوه‌تی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بارودۆخ و ئاڵنگارییانه‌ی ماوه‌ ماوه‌ رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌بنه‌وه. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هه‌موو ئه‌و بارودۆخ و ئاڵنگارییانه به‌ گیانی لێبوورده‌یی و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بن." سودانی له‌ وتاره‌كه‌یدا وای وت.


PM:06:20:03/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 1592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت