عێراق دەبێتە خاوەنی خێراترین هێڵی ئینتەرنێت لە جیهاندا
وێستگەنیوز-(الصباح)
پەرلەمانتارێکی عێڕاق کە لە هەمانکاتدا ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراقە، ئاشکرای کرد یەکێک لە کۆمپانیا هەرە بەناوبانگەکانی جیهان لە بواری گەیاندن و پەیوەندیی؛ هێڵێکی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (Satellite Internet) بۆ عێراق دابین دەکات کە هەنووکە خێراترین جۆری هێڵی ئینتەرنێتە لە جیهاندا.
کاروان یاروەیس، پەرلەمانتار، بە ڕۆژنامەی (الصباح)ـی نیمچەفەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە کە ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد خێراترین جۆری هێڵی ئینتەرنێتە کە هەنووکە لەئارادایە، ئەو هێڵە زۆر باشترە لەوەی ئێستا لە عێراق کۆمپانیاکانی بواری دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێت پێشکەشی بەشداربووانی دەکەن".
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردۆتەوە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد لە ڕووی دامەزراندن و پێشکەشکردنی بە هاوڵاتییان زۆر ئاسانترە، بەڵام نرخی بەشدارییکردنی زۆر بەرزترە لەوەی ئێستا لە عێراق هەیە.
یاروەیس ڕوونیشی کردەوە د. هیام ئەلیاسری، وەزیری گەیاندنی عێراق پەیوەندیی بە هەریەکە لەو سێ کۆمپانیا جیهانییەوە کردووە کە ئەم جۆرە لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیان لە ٥٠ وڵات دامەزراندووە، ڕوونیشی کردەوە کە ئەو کۆمپانیایانە لە پێشکەشکردنی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە و دیاریکردنی نرخەکاندا ڕەچاوی داهاتی تاکەکەس و دۆخی ئابووریی هاوڵاتیان دەکەن.
لە کۆتاییشدا ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردەوە کە بەشدارییکردن لەم خزمەتگوزارییەدا زۆرەملێ نییە و بەپێی داهاتی ئەو کەس و خێزانەیە کە دەیەوێت هەیبێت، خزمەتگوزارییەکە بۆ هاوڵاتییان و کۆمپانیا و دامەزراوەکانیش فەراهەم دەکرێت.
PM:04:23:27/09/2023
ئهم بابهته 3340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت