ژماره‌ی قوربانیانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییە زیادی كرد

‌هۆڵی هەیسەم لە حەمدانیە دوای رووداوی ئاگرەکە

وێستگه‌نیوزـ ده‌نگی ئه‌مریكا

ژمارەی قوربانییانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی شەوی رابردوو لە هۆڵێكی ئاهەنگگێران شایی شارۆچکەی حەمدانییەی پارێزگای موسڵ کەوتەوە روو لە زیادبوونە. به‌پێی نوێترین ئاماری نا فه‌رمی تا ئێستا زیاتر لە 120 گیانیان لەدەستداوە و 250 کەسی دیکە برینداربوون.


نەجم ئەلجبوری، پارێزگاری موسڵ لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلجەزیرەی عەرەبی رایگه‌یاند: بەپێی ئەو زانیارییانەی بەو گەیشتوون لە نێوان 800 تا 1000 کەس لە هۆڵەکەدا بوون کاتێک ئاگرەکە کەوتووەتەوە بەهۆی یاری ئاگرین یان مۆمی سەر کێکەکان.

مانگی سووری عێراقی کە بەشداری لە هەوڵەکانی فریاکەوتن دەکات، رایگەیاند زیاتر لە 450 گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون.

کەسوکاری ژمارەیەک لە قوربانییەکان لە لێدوانەکانیان بۆ کەناڵە ناوخۆییەکان باسیان لەوە دەکرد کە چەندین خێزان دەناسن تەواوی ئەندامەکانیان لە رووداوەکە لەدەستداوە. بەشێکی زۆری قوربانییەکان کەوتوونەتە ژێر پێوە.

دەشڵێن هۆکاری سەرەکی تەشەنەکردنی ئاگرەکە بە خێرایی ئەوە بووە ئەو ماددەیەی بنمیچی هۆڵەکەی پێداپۆشرابوو گڕیگرتووە و بەربووەتەوە. هۆڵەکە بە شێوەیەک وێرانبووە وەک ئەوەی بۆمبی تیایدا تەقیبێتەوە.

جەنەڕاڵ سەعەد مەعەن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە تویتەرەکەیەوە پشتڕاستی کردەوە بنمیچی هۆڵەکە بە پلێتی ئەلوکۆبۆند دروستکراوە کە زوو ئاگردەگرێت.

بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەکان، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە بەغداشەوە تیمی پزیشکی رەوانەکراون بۆ بەهاناچوونی بریندارەکان.

شەوی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمەکانی بەرگری شارستانی و تەندروستی راسپارد بە هانای لێقەومانەوە بچن.

هاوکات سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگه‌یه‌ندراوێکدا رایگەیاندووە: لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ژمارەیەکی زۆری ئەنبوڵانس و تیمەکانی فریاکەوتن چوونەتە قەزای حەمدانییە.

وه‌زیری ته‌ندروستی راشیگه‌یاند: بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ له‌ شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.


AM:08:42:27/09/2023










ئه‌م بابه‌ته 4928 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت