نیوەی پەرلەمانتاران سەروەت و سامانیان ئاشکرا نەکردووە
هۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. وێنە: ئەرشیڤ
وێستگهنیوزـ القدس العربی:
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە هێشتا نیوەی ئەندامانی پەرلەمان سەروەت و سامانیان بۆ دەستەکە ئاشکرا نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە، سەرجەم وەزیر و سەرۆکی دەستە و پارێزگارەکان بە رێژەی لەسەدا سەد سەروەت سامانەکانیان بۆ دەستەکە ئاشكرا کردووە.
حەنوون، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند: دەستەکەیان بە شێوەیەکی چڕ و بەرفراوان و کردەیی دەستی داوەتە هەڵمەتێکی ئاشكراکردنی گەندەڵیی و دانەدادگای ئەوانەی تێوەگلاون، ئاشكراشی کرد کە بەم زووانە یاداشتێکی لێکتێگەییشتن لەگەڵ ئیمارات واژۆ دەکەن بۆ ڕادەستکردنەوەی گەندەڵکاران و هەڵهاتووان لە عێراق.
سەبارەت بە دۆسێی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانەکانیان، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ژمارەیەک داتا و زانیاریی خستەڕوو، راشیگەیاند: تا ئێستا 38 ههزار و 347 فۆرمیان پێ گەیشتووە لەوانەوە کە ئەرکە لەسەریان سەروەت و سامانیان بۆ دەستەکە ئاشکرا بکەن.
سەبارەت بە پابەندبوون بەو ئەرکەشەوە رایگەیاند: رێژەی (100٪)ـی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە پابەند بوون، لە کاتێکدا رێژەی (50.2٪)ـی پەرلەمانتاران کە ژمارەیان 162 پەرلەمانتارە لە کۆی 323 پەرلەمانتار فۆرمەکەیان گەڕاندوهتەوە و پابەند بوون بەو رێکارە یاساییەوە، هەروەها سەرجەم وەزیر و پارێزگار و سەرۆکی دەستە سەربەخۆکانیش بە رێژەی (100٪) پابەندی پڕکردنەوەی فۆرمەکان بوون.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکراشی کرد کە لە کۆی سێ ههزار دۆسێ کە سەر بە 336 دامەزراوە و دەستەن پاش لێکۆڵینەوە و وردبینی 456 دۆسێیان گومانیان لەسەرە و داتا و زانیاریی ناو فۆرمەکان لەگەڵ واقیعی دارایی کەسەکەدا هاوتا نیین و ئەگەری ئەوە هەیە دۆسێکانیان رەوانەی لایەنە کۆڵینکار و دادوەرییەکان بکرێت.
PM:12:56:23/03/2023
ئهم بابهته 1060
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت