نیویۆرک تایمز: چۆن سەدام حسێن داعشی بۆ هێناین


وێستگە -

شیکەرەوەیەکى کاروبارى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست پێیوایە، سەدام حسێن و حزبی بەعس رۆڵیان لە سەرهەڵدانى رێکخراوى داعشدا هەبووە، لەکاتێکدا لۆمەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەکرێت بەوەى کە شەڕى ساڵى 2003ى بەهەڵە کرد و بوو بەهۆى سەرهەڵدانى داعش.

کایل ئۆرتۆن نوسەر و شارەزاى کاروبارى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لەوتارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە رۆژنامەى نیویۆرک تایمزی ئەمریکییدا بڵاویکردووەتەوە ئاماژەى بەوەکردووە، هزری داعش روونیدەکاتەوە کە دەسەڵاتى پێشووى عێراق رۆڵى لە سەرهەڵدانیدا هەبووە، حزبی بەعس کە ساڵى 1968 لەرێگەى کودەتاوە دەسەڵاتى گرتەدەست، حزبێکی عەلمانیی بوو، وردە وردە بەتایبەت لەکاتى شەڕى ئێران و عێراق 1980، کە دروشمی جیهاد بەرامبەر بە ئێران بەرزکرایەوە، لێرەوە سەدام حسێن هاوپەیمانى لەگەڵ ئیسلامیەکاندا بەست، بەتایبەت لەگەڵ ئیخوانموسلمیندا، بۆ ئەوەى بتوانێت رکابەرى سوریا بکات.

روونیکردووەتەوە، کاتێک میشیل عەفلەق دامەزرێنەرى حزبی بەعس لە ساڵى 1989 مرد، دەنگۆیەک هەبوو گوایا موسوڵمان بووە، وا دادەنرێت کە ئەو بەربەست بووە لەبەردەم ئیسلامبوونى ئەو پارتەدا، پاشان شکستى سەدام لە داگیرکردنى کوەیتدا ساڵى 1990 وایکرد سەدام هەڵمەتەکانى بۆ بە ئیسلامیکردنى کۆمەڵگە چڕبکاتەوە، ساڵى 1993 گەیشتە لوتکە و دەستبەرداری ئەو بنەما عەلمانیانەش بوو کە مابوون لە حزبەکەیدا، هەڵمەتی ئیمانیی بەعس لەسەردەمی سزا ئابوریە سەپێنراوەکاندا بەشێوەیەکى بەرچاو فراوان بوو، بەعس بەرووى بنکە جەماوەرییە عەشائیرییەکانى سوننەدا کرایەوە و بەرەو گۆرانکاری بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاند بەرەو دەوڵەتی ئیسلامیی، بڕیارى دەستبڕین و سەربڕینی دا، ژمارەیەکى زۆر مزگەوتى لە عێراقدا دروستکرد و وتنەوەى قورئان و هەوڵیدا پیاوانى ئایینی بەدەستبهێنێت، کە رۆڵیان لە کۆمەڵگەدا هەیە.

ئەو نوسەرە روونیکردووەتەوە، هەڵمەتی ئیمانیی بەردەوام بوو، لەناو بەعسدا هێڵێکی ئیمانیی دروستکرد، بەعس دەرگاى لەبەردەم سەلەفیەکاندا کردەوە بۆ مومارەسەکردنى ژیانى خۆیان، ئەگەرچى سەدام حسێن هۆشداریی پێدرابوو لەلایەن هەواڵگرییەوە سەبارەت بەگەشەى سەلەفییەکان، لە ئەنجامدا رەوتی ئیسلامی زۆر سەریانهەڵدا، بەتایبەت لەناو عەشایەری سوننەدا، لەسەرووى هەموویانەوە "فیدائی سەدام" بۆ روبەڕوبونەوەى شیعە.

ئۆرتۆن دەڵێت: زۆر لە سەرکردەکانى سوپاى پێشووى عێراق روویان لە مزگەوتەکان کرد، هەندێکیان هەر لەسەردەمی دەسەڵاتى سەدام حسێندا پەیوەندییان بەرەوتی سەلەفییەکانەوە کرد و بوون بە سەلەفی، دواى ساڵى 2003 ئەندامانى سوپاى هەڵوەشاوە خۆیان لەناو سوننە یاخیبووەکاندا بینیەوە، ئەوان بڕبڕەى پشتی گروپە ئیسلامیە چەکدارەکان بوون، ئەگەرچى قاعیدە کە دواتر بوو بە رێکخراوى داعش، سەرکردەکەى عێراقیی نەبوو، بەڵام رۆڵی سەرەکییان لە پێکهێنانى ئەو گروپانەدا هەبوو کە لەبەرەى موقاوەمەدا رووبەڕووی ئەمریکا بوونەوە لە عێراق.

ئەو شارەزایەى کاروبارى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ئەوەشى خستووەتەڕوو، لەناو بەعسیەکانی ناو داعشدا هیچ کودەتایەک رووینەدا، چونکە ماوەیەکى زۆرە وازیان لە بەرنامەى بەعس هێناوە، سەرەتا پەیوەندییان بە قاعیدەوە کرد، کاتێک لەسەرەتادا بوو لە عێراق.

ئەو نوسەرە تەئکیدی لەوەکردووەتەوە، سەدام حسێن زەمینەى بۆ سەلەفیەتى چەکدار لە عێراق رەخساند، لەرێگەى هاوکاریکردنى خێڵە سوننیەکانەوە، کۆگاکانى چەکی خستە بەردەستیان، پێش هەرەسهێنانى لە ساڵى 2003دا.














PM:07:14:23/12/2015


ئه‌م بابه‌ته 1625 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت