بەهۆی پەیماننامەیەکی ئاشتییەوە جەنگێک هەڵگیرسا ملیۆنێک ئەورووپی بوونه قوربانی
نووسینی: ته‌ها عه‌بدولناسر ره‌مه‌زان
وه‌رگێڕانی: وێستگه نیوز
چوار ساڵ پێش لەدایکبوونی "ماریا تێرێزا/ Maria Theresa"ی كچی، "شارڵی شەشەم/Charles VI" ئیمپراتۆری ئیمپراتۆریەتی نەمسای پیرۆز و میری گه‌وره‌ی نەمسا و پاشای مەجەر و بۆهێمیا و کرواتیا، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کچەکانی، جڵەوی کاروباری وڵات بگرنە دەست، ئەگەر هاتوو هیچ میراتگرێکی نێرینەی بۆ وه‌رگرتنی عه‌رشی ئیمپراتۆریه‌ته‌كه‌ی نەبوو.
شارلی شه‌شه‌م بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، لە دەوروبەری ساڵی 1713دا، "فرمانێكی ئیمپراتۆریانه‌ی" ده‌كرد، به گوێره‌ی ئه‌م فرمانه، ڕێگەی بە کچەکانیدا، ببن به میراتگری موڵك و ماڵ و زەوییەکانی. لە سەرەتادا، زۆربەی هێزە ئەورووپییەکان، ڕەزامەندییان لەسەر ئەم بڕیاره "مەرسوومە" نیشاندا و به‌ڵێنیاندا ڕێز له‌و بڕیاره ده‌گرن.
بەڵام لەگەڵ کۆچی دوایی شارڵی شەشەم، لە ساڵی 1740دا، زۆربەی هێزە ئەورووپییەکان، لەم مەرسوومە پاشگەز بوونەوە و هه‌وڵیاندا سوود له رووداوی مردنی ئیمپراتۆر وه‌ربگرن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بیقۆزنه‌وه کە ماریا تێرێزای کچی، شوێنی باوكی گرتبووەوە. ئالێره‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای سودوه‌رگرتن له‌و رووداوه، لە ساڵی 1740دا "جەنگی جێنشینیی نەمسا" هەڵگیرسا کە بۆ ماوەی نزیکەی هەشت ساڵ ئەورووپای هەژاند.
هەڵگیرسانی جەنگی جێنشینیی نەمسا
ئەم جەنگە، دوای ئەوە هەڵگیرسا کە هەر یەک لە پڕووسیا و فەرەنسا و باڤاریا، ره‌تیانكرده‌وه ماریا تێرێز، ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت و بڕواته شوێنی باوكی و له‌سه‌ر عه‌رشی ئیمپراتۆری نه‌مسا دا‌نیشێت. هه‌ر بۆیه، ئەم دەوڵەتانە، هاوپەیمانییەکیان لە نێوان خۆیاندا، دژی ماریا تێرێزا پێكهێا. به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ماریا تێرێزا، لەلایەن هه‌ر یه‌ك له بەریتانیا و کۆماری هۆڵەندا و هانۆڤەرەوە، لە چوارچێوەی ئەوەی بە "هاوپەیمانی مەرسوومی کردەیی" دەناسرێت، پشتیوانی لێكرا.
دواتر، چەندین هێزی دیکەی ئەورووپی، تێکەڵی ململانێکە بوون. له‌م باره‌یه‌وه، لەکاتێکدا ڕووسیا پشتیوانی لە مافی ماریا تێرێزا دەکرد بۆ ئه‌وه‌ی تەختی ئیمپراتۆریه‌تی نەمسا وه‌ربگرێت. كه‌چی هەر یەکە لە ئیسپانیا و سوید، چوونە پاڵ هاوپەیمانییە نەیارەکە، ئه‌م هاوپه‌یمانییه فەرەنسا و پڕووسیا و باڤارییەکانیشی لەخۆ دەگرت.
جەنگی جێنشینیی نەمسا بۆ ماوەی زیاتر لە 7 ساڵ و 10 مانگ بەردەوام بوو، به‌ڵام جه‌نگه‌كه لە ساڵی 1748، بە واژۆکردنی پەیماننامەی "ئاکس لا شاپێل Aix-la-Chapelle " کۆتایی پێهات. لەو ماوەیەدا، هەندێک هێزی وەک ساکسۆنیا/ Saxony و ساڤۆی/Savoy هاوپەیمانییەکانی خۆیان گۆڕی. ئەم جەنگە لەو کاتەدا، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 750 هەزار کەس، هەروەها وێرانکردنی بەشێکی گەورەی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دروستبوونی قەیرانی ئابووری و بازرگانی، لێكه‌وته‌وه.
پەیماننامەی ئاکس لا شاپێل
دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی جێنشینیی نەمسا، لە ساڵی 1746 لە شاری "برێدا/ Breda"ی هۆڵەندا، لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، دەستی پێ‌کرد. لەو نێوەندەدا، بەریتانییەکان لە چەندین بۆنەدا، هه‌وڵیانده‌دا دانوستانه‌كان په‌كبخه‌ن، بەو ئومێدەی له گۆڕەپانەکانی جەنگدا، دۆخی مەیدانییان باشتر بکەن. لەگەڵ شکستهێنانیان لە بەدیهێنانی ئەوەی له مه‌یدانی جه‌نگه‌كه‌دا، دۆخی مه‌یدانی خۆیان باشتر بكه‌ن، ڕازیبوون لەگەڵ فەرەنسییەکان کار بکەن بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک، لە 30ی نیسانی 1748 توانیان ئه‌و ره‌شنووسه تەواو بكه‌ن. دواتر، لە 18ی تشرینی یەکەمی 1748، لە ئاکس لا شاپێل، لەلایەن فەرەنسا و بەریتانیا و کۆماری هۆڵەنداوە، پەیماننامەیەکی فەرمی پەسند و واژۆ کرا.
لە قۆناغی دواتردا، بەندەکانی پەیماننامەکە، ڕادەستی لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە جەنگه‌كه‌دا کرا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه هه‌ر یه‌كه‌یان به ته‌نها خۆی، بڕیاری ئاشتی یان به‌رده‌وامبوون له جه‌نگ بدات و بڕیاری رازیبوون یان ره‌تكردنه‌وه‌ی په‌یماننامه‌كه بدات. ئەم پەیماننامەیە، به جۆرێك بوو، بژاردەیەکی ئەوتۆی بۆ هیچ کام لە نەمسا کە ماریا تێرێزا دوای مردنی باوکی، ده‌سه‌ڵاتی وەرگرتبوو، ئیسپانیا و سەردینیا، نەهێشتبوه‌وە،(مەبەست لێی بژاردەی ڕەتکردنەوەی ئاشتییە). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجامی پەیماننامەکە، بۆ ئیسپانیا باش بوو، چونکە زەوی و ناوچەی نوێی دەستکەوت، لە بەرانبەردا نەمسا زۆر نیگەران بوو، باسی لەوە دەکرد بەریتانیا پشتی تێکردووە و ناچاری کردووە ئاشتییەکی پڕ لە زیان قبووڵ بکات.
لەو نێوەندەدا، ئەم پەیماننامەیە هات بۆ ئەوەی، لەسەر حیسابی نەمسا، زەوی زیاتر ببەخشێتە پڕووسیا و فەرەنسا و ئیسپانیا و جەختیش لە وەرگرتنی تەختی نەمسا، لەلایەن ماریا تێرێزاوە بکاتەوە.
جەنگێکی نوێ بەهۆی پەیماننامەکەوە
بەندەکانی پەیماننامەی ئاکس لا شاپێل، بە ناتەواو و نادادپەروەرانە بۆ زۆربەی لایەنەکان وەسف کرا؛ لەکاتێکدا پڕووسیا زەوی نوێی دەستکەوت و گۆڕا بۆ هێزێکی ناوچەیی گرنگ، بەڵام فەرەنسا، ئیسپانیا، بەریتانیا و نەمسا و لایەنەکانی دیکە، لە بەندەکانی نیگەران بوون.
لە ساڵانی دواتردا، ئەم پەیماننامەیە بووە هۆی گۆڕانی هاوپەیمانییەکان لە ئەورووپا، له هه‌مانكاتدا بووه هه‌وێنی هه‌ڵگیرسانی "جەنگی حەوت ساڵە 1756-1763"، فه‌ره‌نسا به‌هۆی ئه‌م جه‌نگه‌وه، بەشێکی گەورە له ناوچه كۆڵۆنیاڵه‌كانی له باکووری کیشوەری ئەمریکا، بۆ بەرژەوەندی بەریتانیا و ئیسپانییەکان، له‌ده‌ستبدات و جه‌نگه‌كه زیاد له ملیۆنێك قوربانی لێكه‌وته‌وه.
سه‌رچاوه: ئه‌لعه‌ربییه نیت، چوار شه‌ممه، 22ی نیسانی 2026
PM:10:42:22/04/2026
ئه‌م بابه‌ته 120
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت