پێش 82 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئەمریکا 500 فڕۆکەوانی لە چنگی هێتلەر ڕزگار کرد
نووسینی: ته‌ها عه‌بدولناسر ره‌مه‌زان
سەرچاوە: ئه‌لعه‌ربیه نیت
وه‌رگێڕانی: وێستگه‌نیوز
لە ئازاری 1941 و لەژێر فشاری ئەڵمانیای نازی، یۆگۆسلاڤیا ناچارکرا، پەیماننامەی هاوبەش لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆ بکات. ئەم کارە، بووە هۆی تووڕەیی زۆرێک لە یوگۆسلاڤییەکان و دوای ماوەیەکی کورت، کودەتایەک ڕوویدا و حکومەتە لایەنگرەکەی ئەڵمانیا لادرا.
ئەم وەرچەرخانە، ئەدۆلف هێتلەر-ی ڕابەری نازییەکانی زۆر تووڕە کرد و دەستبەجێ، فەرمانی هێرشی سەربازی بۆ سەر یوگۆسلاڤیا دەرکرد. لە 6ی نیسانی 1941، ئەڵمانەکان و هاوپەیمانەکانیان، لە سنوورەکان پەڕینەوە و هێرشیان کردە سەر پێگەکانی سوپای یوگۆسلاڤیا. بەهۆی باڵادەستیی سەربازیی ئەڵمانیا، یوگۆسلاڤیا بەرگەی نەگرت و له 17ی نیسانی 1941، یۆگۆسلاڤیا بە تەواوی کەوتە ژێر ڕکێفی ئەڵمانیا.
دیلەکان لە یوگۆسلاڤیا
لە نێوان ساڵانی 1943 بۆ 1944، ئەمریکییەکان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی چڕیان، کردە سەر دامەزراوەکانی ئەڵمانیا لە ڕۆمانیا. هێزه‌كانی ئه‌مریكا، له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی "پلۆیشتی/ Ploiești"یان كرده ئامانجی سه‌ره‌كی خۆیان. چونکە لەو سەردەمەدا، نەوتی ئەو ناوچەیە، سەرچاوەی سەرەکیی وزەی کارگە و کەشتیگەل و ئامێرە جەنگییەکانی ئەڵمانیا بوو.
ئه‌نجامدانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه، پڕ بوو له مه‌ترسی، ئاخر بۆ ئه‌نجامدانی بۆردومانه‌كان، زۆرجار فڕۆکە ئەمریکییەکان، ده‌بوایه له باشووری ئیتاڵیاوە هه‌ڵفڕن و له‌وێوه ده‌ستپێبكه‌ن، له‌و كاته‌دا باشوری ئیتالیا له ژێر دەستی هاوپەیماناندا بوو. هه‌ر بۆیه فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا، له ئاسمانی به‌ڵقان، زۆرجار ڕووبەڕووی دژە فڕۆکە و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەڵمانیا دەبوونەوە و زیانی زۆریان لێ دەکەوت.
فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان، دوای ئەوەی فڕۆکەکانیان، لە ئاسمانی یوگۆسلاڤیا، دەپێکران و ناچار بە نیشتنه‌وه دەبوون، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبوونەوە؛ ئەویش ئەگەری دەستگیرکردنیان بوو لەلایەن هێزەکانی ئەڵمانیاوە یان له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی هاریكاری ئه‌ڵمانیا بوون. بەڵام بە هیوای ڕزگاربوون، ئەم فڕۆکەوانانە، پەنایان دەبردە بەر گرووپە بەرهەڵستکارەکانی یوگۆسلاڤیا كه به "چێتنیکەکان/ Chetniks" ناسراون، ئه‌م گروپه فڕۆكه‌وانه‌كانی دەپاراست و حەشاریان دەدان.
رزگاركردنی زیاتر لە 500 فڕۆکەوان
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئه‌و فڕۆکەوانە ئه‌مریكییانه‌ی له‌سه‌ر خاكی ئۆگسلاڤیا گیریانخواردبوو، بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا، پلانێکیان بۆ ڕزگارکردنیان داڕشت. لەکاتێکدا ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی تیمه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی یۆگۆسلاڤیا، له نێو دارستانه‌كان و گونده دووره ده‌ست و دابڕواوه‌كاندا، به هه‌ڕه‌مه‌كی سه‌رقاڵی دروستكردنی سه‌كۆی نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه بوون. له هه‌مان كاتدا ئەمریکییەکانیش، لە پشت هێڵەکانی دوژمنەوە، پلانیان دادەنا به شێوه‌یه‌كی قۆناغبه‌ند، ده‌ست بكه‌ن به گواستنه‌وه‌ی فڕۆكه‌وانه‌كان.
ئەم ئەرکە دژوارە، ناونرا ئۆپراسیۆنی "هالیارد/ Halyard". به گوێره‌ی پلانه‌كه، ئه‌مریكییه‌كان ده‌ستیان كرد به جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه زۆر سه‌خته و داڕێژەرانی پلانەکە، بڕیاریاندا فڕین و نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانیان، به شه‌ودا ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌مه‌ش له پێناو ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانیان له‌لایه‌ن بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەڵمانیاوه نه‌بینرێن و سه‌لامه‌تبن.
لە نێوان 2ی ئابی 1944 تا 27ی کانوونی یەکەمی 1944، فڕۆکە ئەمریکییەکان، دەیان گەشتی نهێنیی شەوانەیان ئەنجامدا. بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان، لەم ئۆپراسیۆنەدا 432 فڕۆکەوانی ئەمریکی و 80 فڕۆکەوانی وڵاتانی هاوپەیمان ڕزگار کران كه فڕۆكه‌كانیان له‌سه‌ر خاكی یۆگۆسلاڤیا تێكشكێنرابوون. ئەمریکییەکان بۆ سەرخستنی ئەم ئۆپه‌راسیۆنه پڕ مه‌ترسییه، پشتیان بە فڕۆکەی جۆری (Douglas C-47 Skytrain) بەست، ئه‌م فڕۆكه‌یه بەوە ناسرابوو، دەتوانێت لەسەر ئەو سه‌كۆ خراپانە بنیشێتەوە کە بە پەلە و به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی دروست کرابوون. بەهۆی رزگاركردنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی فڕۆكه‌وان، ئۆپراسیۆنی هالیارد، بە گەورەترین ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانان لە مێژووی ئەمریکادا دادەنرێت.
*وێستگەنیوز ئەم بابەتەی وەک خۆی وەرگێڕاوە.
PM:01:44:05/04/2026
ئه‌م بابه‌ته 268
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت