محەمەد حاجی مەحمود: هەوڵ دەدرێت دەستووری عێراق دژی کورد دەستکاری بکرێت

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2026، لە میانی بەڕێوەچوونی چوارەمین دیداری گوڵەخانەدا، محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستەسەر دۆخی سیاسیی عێراق، پرسی دەستوور، پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و ئاڵۆزییە هەرێمییەکان.


لە سەرەتای وتارەکەیدا، محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند کە هیچ برایەتییەک لە نێوان کورد و گەلانی دەوروبەریدا بوونی نییە، بۆیە پێویستە لە بری دەستەواژەی "برایەتیی گەلان"، چەمکی "پێکەوەژیان" بەرانبەر گەلانی دەوروبەر بەکاربهێنرێت، هاوکات وتیشی: "ئێمە چی چاوەڕێ لەوانە بکەین کە ئیمامی حوسێنیان پارچە پارچە کرد؟".

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە مێژووی کورد لە جیهانی ئیسلامیدا کرد و روونیکردەوە، کورد هەمیشە لە پێناوی ئایینی ئیسلامدا خۆی بەخت کردووە، هەروەها کورد بووە کە ئایینی ئیسلامی گەیاندووەتە ئیسپانیا و ئەو یەک جارەشی کە شاری قودس ئازاد کراوە، هەر بە دەستی کورد بووە.

لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا، ناوبراو هۆشداریی لە هەوڵەکانی دەستکاریکردنی دەستووری عێراق دا و جەختی کردەوە، هەوڵ دەدرێت دەستووری عێراق هەموار بکرێتەوە و هەر دەستکاریکردنێکی دەستووریش دژی مافەکانی گەلی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستانە. سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیش لەگەڵ بەغدا وتی: "ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستین، دەبێت ببینە کاتبی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆیە پێویستە لە بواری ئابووریدا ئێمە پشت بە تواناکانی خۆمان ببەستین".

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و پەرلەمان، محەمەد حاجی مەحمود باسی لەوە کرد کە پەرلەمان دەیتوانی لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا دەیان یاسای پێویست دەربکات. لەبارەی دۆخی کەرکووکیش ئاماژەی بەوە دا کە پێکهاتەی تورکمان تەنیا بە بەدەستهێنانی 2 کورسی توانی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات ئاوڕی لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە دایەوە و ئاشکرای کرد، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئێستادا هەمووان خۆیان بۆ جەنگ ئامادە کردووە، بەڵام ئێمە توانیمان تا رادەیەکی باش خۆمان لە زیانەکانی ئەو جەنگە بەدوور بگرین.


AM:10:43:24/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو