رێگاوبانی سلێمانی وەڵامی تۆمەتەکان دەداتەوە و زانیاری لەسەر پڕۆژە ستراتیژییەکان دەخاتەڕوو
وێستگەنیوز-
محەمەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەڵامی ئەو راپۆرتانەی دایەوە کە لەبارەی بوونی گەندەڵی لە وەزارەتەکەیان لەلایەن میدیای فەرمیی گۆڕان (KNN) بڵاوکرابوونەوە، هاوکات داتا و زانیاریی دارایی لەسەر پڕۆژە ستراتیژییەکان و رێگەی گوندەکان خستەڕوو و رایگەیاند کە پەنا دەبەنە بەر دادگا.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی سلێمانی رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن پڕۆژەی رێگەی وارماوە - دەربەندیخان لەلایەن خێرخوازەوە جێبەجێ دەکرێت دوورە لە راستییەوە، بەڵکو ئەو پڕۆژەیە بەشێکە لە گۆڕانکاریی رێگەی کەلار - دەربەندیخان و بە گوژمەی 185 ملیار دینار (لە کۆی 454 ملیار دینار) لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی پلاندانان لەلایەن کۆمپانیای بێشکان جێبەجێ دەکرێت و ئێستا 29%ی تەواو بووە. سەبارەت بە رێگەی دووکان - چوارقوڕنەش وتی، قۆناغی دووەم و سێیەمی پڕۆژەکە بە 243 ملیار دینار لەسەر بودجەی حکومەت دراوە بە گرووپی کۆمپانیاکانی گەردین و رێژەی جێبەجێکردنی گەیشتووەتە زیاتر لە 40%، نەک ئەوەی لە بەرامبەر زەویدا درابێتە کۆمپانیا.
لەبارەی قیرتاوکردنی رێگەی چەند گوندێک و ئەو دەنگۆیانەی گوایە بۆ باخ و ڤێلای بەرپرسان کراون، محەمەد جەلیل روونیکردەوە کە رێگەی گوندی شێرەدێ بە نووسراوی فەرمیی شارەوانی، ناحیەی بەکرەجۆ، قایمقامییەت و پارێزگای سلێمانی وەک گوند ناسێنراوە و لەسەر داوای هاوڵاتییان قیرتاو کراوە. هەروەها رێگەی کانی میوڵە لە خەلەکان بە درێژایی زیاتر لە 2 کیلۆمەتر دەچێتە سەر دوو بیری ئیرتیوازی کە ئاو بۆ 1,000 ماڵ دابین دەکەن، بەهۆی رەزامەندی نەدانی وەزارەتی دارایشەوە، بە شێوەیەکی کاتی 700 مەتریان لەسەر داهاتی قەپانەکان بۆ جێبەجێ کردوون.
سەبارەت بە رەوشی گشتیی گوندەکان، ناوبراو ئاشکرای کرد لە کابینەی نۆیەمدا زیاد لە 150 گوند لە سنووری سلێمانی خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە و 295 پڕۆژە تەواو کراون، هەروەها لە مانگی 6ی 2021ـەوە تا ئێستا نزیکەی 1,000 داواکاری و دەستخستە بۆ چاککردنی رێگەی گوندەکان لە تەواوی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە کاری لەسەر کراوە.
محەمەد جەلیل ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکەیان پارەی نەختینەی لەبەردەستدا نییە و تەنها چەک دەداتە بەڵێندەران، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان و پەسەندکردنی بڕیاری 292ی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لەپێشینەدانی مووچە، بەشێک لە پڕۆژەکان کارکردن تێیاندا پەکیکەوتووە، بەڵێنیشیدا هەر پڕۆژەیەک شایستە داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت، لە ماوەی 4 مانگدا تەواوی دەکەن.
لە کۆتاییدا ئاشکرای کرد، قوباد تاڵەبانی رەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی نزیکەی 19 ملیار دینار بۆ 40 پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە کە پڕۆژەکانی پێنجوێن - گەرمک بە درێژایی 40 کیلۆمەتر، پردی زەرزێ بە گوژمەی 1 ملیار دینار و رێگەی تەکیە بۆ چەمچەماڵ لەخۆدەگرێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لەسەر تەواوی ئەو راپۆرتە ڤیدیۆییانەی تۆمەتیان بۆ دروستکردوون، سکاڵای یاسایی لە دادگا تۆمار دەکەن.
PM:01:40:14/09/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت