یەکێتی خانەنشینان: پێویستە حکومەت کۆتایی بە کێشەی مووچە و پلەبەرزکردنەوەی خانەنشینان بهێنێت


وێستگەنیوز-

یەکێتی خانەنشینانی کوردستان بە نوێنەرایەتی دەیان هەزار خانەنشین، کۆمەڵێک داواکاری و کێشەی هەنووکەیی ئاراستەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی دەکات و جەخت لەسەر چارەسەرکردنی گرفتە کۆن و نوێیەکان دەکاتەوە.


یەکێتی خانەنشینان رایگەیاند، کە ئەوان وەک نوێنەری ئەم توێژە هەموو رێگا یاساییەکانیان گرتووەتەبەر و سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، هەروەها چەندین جار نووسراوی فەرمییان ئاراستەی وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەری گشتی بودجەی هەرێم کردووە بۆ وەرگرتنی مافە رەواکانیان.

یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خانەنشینان، خەرجکردنی ئەو مووچە فەوتاوانەیە کە لە ساڵانی 2025 و 2026 لای وەزارەتی دارایی ماونەتەوە، ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە دۆخی بژێوی خانەنشینان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و خانەنشین هەیە لە ماوەی ساڵێکدا 8 مانگ مووچەی وەرنەگرتووە.

سەبارەت بە پرسی پلەبەرزکردنەوە، یەکێتی خانەنشینان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە مافێکی تەواو یاساییە، بەڵام بە بڕیارێکی "ناحەق" لە ساڵی 2016ـەوە راگیراوە، داوا دەکەن ئەو فەرمانبەرانەی لەو ماوەیەدا خانەنشین بوون، پلەبەرزکردنەوەیان بۆ هەژمار بکرێت.

هەروەها داواکارن سیستەمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەک عێراقی لێبکرێت و لە 1 و 2ی هەموو مانگێکدا مووچەکانیان بخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان، چونکە خانەنشینان هیچ ئەرکێکی وەزیفییان لەسەر نەماوە و ناکرێت چاوەڕێی لیستی مووچەی فەرمانبەران بن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە کێشەی سندوقی خانەنشینی کراوە و داوا لە حکومەت کراوە راستییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکات کە سندوقەکە بوونی نییە و ئەو پارەیەی لێی خەرج کراوە، وەک قەرز بخاتە ئەستۆی خۆی، هەروەها داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەن لەبری سوپاسکردنی خانەنشینان بۆ خۆڕاگرییان، هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانیان بنێت.


PM:12:04:23/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو