کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: 36 کوردی دیکە لە لیبیا رزگار کران و کۆچکردن رووی لە هەڵکشانە


وێستگەنیوز-

بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نوێترین زانیاری لەسەر دۆخی کۆچبەرانی کورد لە وڵاتی لیبیا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، 36 کوردی دیکە لە ژێر دەستی باندە قاچاخچییەکان رزگار کراون.


بەکر عەلی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو 36 کەسە لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا روویان لە لیبیا کردبوو، بەڵام لەلایەن باندە قاچاخچییە سوری و لیبییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و روبەڕوی ئازار و ئەشکەنجە بوبوونەوە. رۆژی رابردوو 19ی ئاب، لەلایەن دەزگای پاراستنی نیشتمانی لیبیاوە رزگار کران و گەیەندرانە باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە.

سەرۆکی کۆمەڵەکە هۆشداری دایە هاوڵاتیان کە رۆڵەکانیان رادەستی قەدەرێکی نادیار نەکەن و وتی: "کۆچکردن لە هەرێم راکردنە لە واقعێکی تاڵ، بەڵام ئەم رێگەیە بە رێگەی مەرگ ناوزەد دەکرێت". ئاشکراشی کرد کە لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، توانراوە 253 کوردی دیکە کە لە ژێر دەستی میلیشیاکاندا بوون و پارەیەکی زۆریان لێ سەندراوە، ئازاد بکرێن و بگەڕێنرێنەوە.

سەبارەت بە ئامارەکان، بەکر عەلی رایگەیاند کە پێشتر پێیان وابووە کۆچکردن کەمی کردووە، بەڵام زانیارییەکان دەریدەخەن کۆچکردن رووی لە هەڵکشانە، بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی راپەرین.

راشیگەیاند کە تێچووی کۆچکردن بۆ هەر کەسێک لە نێوان 17,000 بۆ 20,000 دۆلاردایە.
لە ئێستادا، جگە لەو کەسانەی رزگار کراون، چارەنووسی 20 گەنجی دیکە بە تەواوی نادیارە کە بەشێکیان لە 15/3/2026ـەوە بێسەروشوێنن. رێگەکانی بیلاروس، پۆڵەندا، چیک، کەناراوەکانی تورکیا و وڵاتانی تونس و لیبیا، وەک مەترسیدارترین ئەو رێگەیانە ناوزەد کران کە گەنجان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بەکاریان دەهێنن.



AM:11:51:20/08/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت