ئاری هەرسین: پارتی و یەکێتی پێویستیان بەیەکترییە و بەبێ یەکێتی حکومەت پێکناهێنین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئابی 2026، ئاری هەرسین، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی حزبەکەیدا، چەند راستییەکی سیاسی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەبێ یەکدی ناکرێت.
ئاری هەرسین ئاماژەی بەوە کرد، حزبێک تەمەنی بگاتە 80 ساڵ، بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێدەپەڕێت و حەتمەن هەڵەش دەکات، چونکە وەک ئەو دەڵێت "کەمال تەنها بۆ خوایە"، بەڵام گرنگ ئەوەیە فێری دووبارە نەکردنەوەی هەڵەکان بن. باسی لەوەش کرد کە تەنها بۆنە و جەژنەکان ناتوانن پەرجوو (موعجیزە) دروست بکەن بۆ رزگاربوون لە چەقبەستوویی، بەڵام نییەتی باش و دەستپێشخەری هەیە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان، ئاری هەرسین جەختی کردەوە کە دەرگاکانی گفتوگۆ لە نێوان پارتی و یەکێتی بە هیچ جۆرێک دانەخراون و هەفتانە هێڵی پەیوەندییان هەیە. وتیشی: "پارتی گەورەترین حزبی عێراقە و کەس ناتوانێت پەراوێزی بخات، ئێمە لەگەڵ یەکێتی وەک حزبێکی سەنگین و خاوەن مێژوو مامەڵە دەکەین".
ئاری هەرسین رایگەیاند، پارتی بە هیچ جۆرێک بیری لەوە نەکردووەتەوە بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، چونکە ئەلفوبێی سیاسەت لە کوردستان دەڵێت؛ نە پارتی بەبێ یەکێتی و نە یەکێتیش بەبێ پارتی دەتوانن حکومەت پێکبهێنن. ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا "لازم و مەلوومی" یەکترین بۆ جێبەجێکردنی حوکمڕانییەکی رەشید.
لە کۆتایی قسەکانیدا، هەرسین ئاماژەی بە وتەیەکی مەلا بەختیار کرد سەبارەت بەوەی کە یەکێتی چ یەک کورسی بهێنێت یان 100 کورسی وەک یەکە، وتی: "ئەمە دیفاکتۆیە، چونکە یەکێتی خاوەنی هێزەکانی 70، ئاسایش، دەزگای زانیاری و پۆلیسە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت".
PM:01:47:16/08/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت