پەیامنێری وێستگەنیوز: دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی و 12 دەستگیرکراوی دیکە گواسترایەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر
وێستگەنیوز- لەنیا بەختیار
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانونی دووەمی 2026، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و 12 دەستگیرکراوی دیکە لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو.
بورهان رەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "دادوەر بریاریدا پەراوەکانی لاهور شێخ جەنگی و 12 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار بنێردرێت بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بۆ وردبینیکردن، کە پەڕاوەکان گەشتە دادگای هەولێر ئەوکات دادوەر بریاردەدات دۆسیەکەیان بەفەرمی بگوازرێتەوە بۆ هەولێر یاخود لە سلێمانی بمێنێتەوە".
لەنیا بەختیار، پەیامنێری وێستگەنیوز ئاماژەی بەوەکرد، "دادگایەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچووە، ئەمڕۆ تەنها بڕیار لەسەر گواستنەوەی دۆسیەکە درا".
ئاماژەی بەوەکرد، "جگە لە مادەی 56 لاهور شێخ جەنگی بە مادەی 406یش لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبارە".
لە 22ی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنی و سەربازی هێرشیان کردە سەر بارەگای سەرەکی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، لە هۆتێل لالەزار لە سلێمانی لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، هەروەها دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە سەرکردە و کارگێڕانی بەرەی گەل دەستگیرکران.
AM:10:43:12/01/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت