پۆستی قایمقامی چەمچەماڵ لە رەمک رەمەزانەوە بۆ ئاسۆ بەکر مستەفا ئاڵوگۆڕکرا


وێستگەنیوز- عومەر ئەحمەد

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی کانونی یەکەمی 2025، پۆستی قایمقامی چەمچەماڵ لە رەمک رەمەزانەوە بۆ ئاسۆ بەکر مستەفا ئاڵوگۆڕکرا.


لەمیانەی مەراسیمەکەدا عەتا محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەمرۆ بەشی دووەمی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ جێبەجێ کرا بە گۆڕانکاری لە پۆستی قایمقامی چەمچەماڵ".

ئاماژەی بەوەکرد، "گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە قەزای چەمچەماڵ بەردەوام دەبن، تا ئەوەی بڵێین ئیدارەمان نوێ کردووەتەوە".

باسی لەوەکرد، "ئەم گۆڕانکارییە بە واتای ئەوە نایەت کە بڵێین ئیدارەی پێشووی چەمچەماڵ خراپە، بەڵکو گۆڕانکاریی و نوێکردنەوە سوننەتە".

هاوکات شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند، "گۆڕانکارییە ئیدارییەکان بەردەوام دەبن تاوەکو بتوانین وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی قەزای چەمچەماڵ بدەینەوە".

رەمک رەمەزان، قایمقامی پێشووی قەزای چەمچەماڵ وتی، "ئەوەی لە تواناماندا بوو بۆ خەڵکی چەمچەماڵ کردمان، سوپاسی خەڵکی سنوورەکە دەکەم کە لە رۆژانی خۆشی و ناخۆشی لەگەڵمان بوون".

رەمک رەمەزان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە تەواو بکەن و پرۆژەی پترۆ دۆلار بۆ خزمەتکردنی سنوورەکە زیندوو بکرێتەوە، هەروەها وتیشی، "داوای لێبوردن لەو کەسانە دەکەم کە نەمانتوانی خزمەتیان بکەین"

هەر لە مەراسیمەکەدا ئاسۆ بەکر، قایمقامی نوێی چەمچەماڵ رایگەیاند، "ئێمە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی چەمچەماڵ هاتووین و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم پشتیوانمان بن، هەروەها داوا لە راگەیاندنەکان دەکەم هاوکارمان بن لە دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان".

ئاسۆ بەکر پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی سنووری چەمچەماڵ و دەرەوەی سنوورەکە کرد و وتی، "کەس نەیەت بۆ دیوانی قایمقامییەت چەپکە گوڵ و پیرۆزبایم بۆ بهێنێت من هاتووم خزمەت بکەم و خۆم سەردانیان دەکەم".


AM:11:37:21/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت