محەمەد حاجی مەحمود: پێویستە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا هەموو عێراق یەك بازنە بێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2025، محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی لیستی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی وتارێکی پێشکەشکرد.

محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند، "یەكەم هەڵبژاردن لە عێراقدا (270) كوررسی بوو، كورد 77 كورسی هەبوو. ئێستا (329) كورسییە، بەڵام كورد 60 كورسی هەیە، ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوەیە".

ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا هەموو عێراق یەك بازنە بێت، ئەگەر یەك بازنە بێت دەنگی خەڵكی كوردستان نافەوتێت و كورد نزیكەی (90) كورسی دەبێت".

دەشڵێت، "لە عێراق یاسا جێبەجێ ناكرێت و هەموو بە رێككەوتنە، ئەوانەی بوون بە سەرۆك وەزیران هەموویان یەكی چەند كورسییەكەیان هەبووە، بەڵام كردویانن بە سەرۆك وەزیران، دەنگدان بەمشێوەیە بێت ئەهمیەتی نامێنێت".

محەمەد حاجی مەحمود وتی، "لە هەرێمی كوردستان و لە بەغدا یاساكان سەربەخۆ نین، پێویستە هەوڵبدەین دەستكاری یاساكان نەكرێت و هەر كەسێك بە تەلەفۆنێك و بە ئارەزووی خۆی هەڵیان نەسوڕێنێ".

وتیشی، "بۆ ئەم هەلومەرجەی ئێستای عێراق ئێمە پێمانوایە كۆنفیدراڵی تەنیا رێگای چارەسەرە بۆ پێكەوەژیان، ئەگەرنا نە كورد ئیسراحەت دەكات نە عەرەب".

ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە سنوور بۆ ئەو بڕیارانەی بەغدا دابنرێت کە لەسەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەیدات".


PM:04:52:25/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت