عەلی باپیر: هەرکاتێک بزانین هەڵبژاردن دیزان کراوە و خەشی تێدا دەکرێت دەکشێینەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2025، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کەرنەڤاڵی ناساندنی لیستی کۆمەڵی دادگەریی و ناساندنی کاندیدەکان لە بازنەکانی (سلێمانی - هەولێر - دهۆک) لە سلێمانی رایگەیاند، "بەشداریکردن لەم هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە دەمانەوێت کەسانێک بکەینە نوێنەری خۆمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمەش ئەرکێکی شەرعییە".


ئاماژەی بەوەکرد، "نوێنەرانمان ئەرکێکی شەرعییان هەیە و دەبێت بەشێوەی شەرعی جێبەجێی بکەن، هەروەها داوا لە خەڵک دەکەم با هیچ کەس کڵاوتان لەسەر نەنێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، بزانن کێ دەکەنە نوێنەری خۆتان".

عەلی باپیر وتی، "ئێمە بەلێنی درۆمان بە کەس نەداوە و هەڕەشەمان لەکەس نەکردووە، لە هەرێمی کوردستان زۆر پێویستمان بە تەبایی و هاوکاریی هەیە، ئەمەش هەمووی ئیسلام فێرمان دەکات".

وتیشی، "کۆمەڵ راستگۆیە، چونکە چاودێری خودا بەسەر خۆیەوە دەبینێت، لایەنە سیاسییەکانی دیکە هاتوونەتە سەر رێڕەوی ئێمە".

راشیگەیاند، "هەرکاتێک بزانین هەڵبژاردن دیزان کراوە و خەشی تێدا دەکرێت دەکشێینەوە، لەگەڵ هەموو لایەنە ئۆپۆسیزیۆنەکان بۆ یەک گرتن گفتوگۆمان کرد، بەڵام رێککنەکەوتین و بە تەنها ماینەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "لە هەر شوێنێک مەزڵوم هەبووبێت و ئێمە پشتگیرمان کردووە، چونکە کۆمەڵ لەگەڵ خەڵکی مەزڵومە".

لەبارەی پەرلەمانی کوردستانیشەوە ئەوەی وت، "پەرلەمانی کوردستانیش تائێستا نەکەوتووەتە سەرپێ، داوا لە لایەنەکان دەکەم بەزووترین کات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە دوور لە خەش و دیزاین کردن و با هەڵبژاردنێکی پاک بێت".


PM:05:06:18/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت