وەزیری پەروەردەی هەرێم: لە هەموو کوردستان تەنها 11 قوتابخانە سێ دەوامییە
وێستگەنیوز- شاهین فوئاد
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئەیلولی 2025، رێکخراوی رێباز فاوندەیشن قوتابخانەی رەهەندی بنەڕەتی لە گەڕەکی شەهیدانی هەولێر کردەوە.
لەمیانەی مەراسیمەکەدا ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز لە هەولێر ئامادەی بوو رایگەیاند، "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم 242 قوتابخانە دروستکراون و 30 قوتابخانەی دیکەش لەژێر کارکردندان".
ئاماژەی بەوەکرد، "دەوامی زۆربەی قوتابخانەکان رێکخراونەتەوە لە هەموو کوردستان تەنها 11 قوتابخانە سێ دەوامییە".
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان وتی، "هێشتا لە کەرتی پەروەردە کەموکوڕیمان هەیە".
وتیشی، "لەنێوان عێراق و چین رێککەوتنێک هەیە بۆ دروستکردنی حەوت هەزار قوتابخانە، کە هەرێمی کوردستان 140 قوتابخانەی بەردەکەوێت، بەڵام تائێستا هیچ قوتابخانەیەک دروستنەکراوە".
هەر لەمیانەی مەراسیمەکەدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم".
ئەوەشی خستەڕوو، "نازانین لەم مانگەدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێرێت یان نا، بەڵام ئومێدی ئەوەدەکەین بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان کارابکرێت".
AM:11:08:30/09/2025
ئهم بابهته 1136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت