شۆڕش ئیسماعیل: سەرجەم داهاتی کتێبەکەم دەبەخشەمە نەخۆشخانەی هیوا
وێستگەنیوز- عومەر ئەحمەد
ئەمڕۆ شەممە 6ی ئەیلولی 2025، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوە بۆ کتێبەکەی بەناوی "وەرزەکانی بەرەنگاری: مێژووی رووداو و بەسەرهاتەکانی تەمەنی خەبات و پێشمەرگایەتیم تا ساڵی 1985" ئەنجامدا.
لەمیانەی مەراسیمەکەدا شۆڕش ئیسماعیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە عومەر ئەحمەد، پەیامنێری وێستگەنیوز ئامادەی بوو رایگەیاند، "کتێبەکەم بەشێکی زیندووە لە مێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان، ئەم مێژووەی من تۆمارم کردووە، مێژووی خەڵکی شارباژێڕ و سلێمانییە بە گشتی کە ئێمە هەموو شەوێک لە سەردەمی بەعسدا داگیرکەرانمان تەمبێ دەکرد".
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی داهاتی کتێبەکەی ئاشکرایکرد، "سەرجەم داهاتی کتێبەکەی دەبەخشێتە نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە چارەسەری تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە سلێمانی و بووەتە هیوایەک بۆ هاوڵاتییان".
شۆڕش ئیسماعیل باسی لە پێشمەرگە کرد و وتی، "ناوی پێشمەرگە بووەتە سیمبول و رەمزێک لە هەموو دونیادا، هەروەها هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دەبن بۆ پێشمەرگە".
لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ناوبراو وتیشی، "هەنگاوی گەورە نراوە بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەنگاوەکانیش بەردەوامن دەبێت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو کۆسپەکان لابەرن لەبەردەم یەکگرتنەوەی ئەو هێزانە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان یەک هێزی هەبێت و خەونی سەدان ساڵەی هەموو تێکۆشەرانی میللەتەکەمان بێتەدی".
PM:06:14:06/09/2025
ئهم بابهته 664
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت