ئەمڕۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەڕێوەدەچێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ هەینی 11ی تەموزی 2025، بەشێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە کاتژمێر 8 بۆ 9ی بەیانی چەکەکانیان دادەنێن.
بڕیارە دوای کاتژمێر 11 دیمەنەکان بۆ رای گشتیی بگوازرێنەوە، چەکدانانەکە وەکو پێشاندانی نیازپاکییە لە لایەن پەکەکەوە کە ئامادەیە دەستبەرداری خەباتی چەکداری ببێت، ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، ژمارەی ئەو گەریلایانەی چەکەکانیان دادەنێن لەنێوان 33 بۆ 44 گەریلایە.
شاندێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە باکووری کوردستانەوە هاتووە و ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن، هەروەها بەشێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئامادەی رێورەسمەکە دەبن.
لە بناری قەندیل ئامادەکاریی تەواوکراوە بۆ بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، "هاوسەرۆکە گشتییەکانمان، هاووتەبێژی پیکهاتەکانمان، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەرایەتی ئامادەدەبن لە مەراسیمەکە".
پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا بە چەکدانان دەچێتە ناو قۆناخێکی نوێ، بەڵام ئەمە نابێتە دوایین قۆناغی پرۆسەکە، پێدەچێت ئەمە سەرەتاییەکی دیکە بێت بۆ پرۆسەکە.
ئەم هەنگاوە دوای بانگەوازێکی مێژوویی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەمساڵ دێت، کە تێیدا داوای لێکردن کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنن و رێگەی دیموکراتی بگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافی کورد لە باکووری کوردستان.
AM:08:15:11/07/2025
ئهم بابهته 600
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت