عەلی حەمەساڵح: تکایە مەسرور بارزانی و یەکێتی ئەم رێککەوتنە تێک مەدەن


وێستگەنیوز- عومەر ئەحمەد

ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تەموزی 2025، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی کە پەیامنێری وێستگەنیوز لە سلێمانی ئامادەی بوو راگەیاند، "ئەگەر رێککەوتنی بەغدا و هەرێم نەکرێت دۆخی کوردستان بەرەو خراپ خراپتر دەڕوات".


ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆسییەی نەوت و بڕیاری کۆتایی لای سەرۆکی حکومەتی هەرێم و یەکێتییە".

سەرۆکی رەوتی هەڵوێست وتی، "ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، هەرێم هیچ بەدیلێکی دیکەی نییە".

وتیشی، "تکایە مەسرور بارزانی و یەکێتی ئەم رێککەوتنە تێک مەدەن، چونکە ئەگەر ئەم رێککەوتنە نەکرێت، ئەوا خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرگەناگرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمریکییەکان وتویانە دەبێت هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی بۆرییەوە کە مەبەستی سۆمۆیە دەستپێبکاتەوە".

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری وێستگەنیوز کە دەپرسێت ئەگەر ئەمجارە رێککەوتن نەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەکشێتەوە، لە وەڵامدا عەلی حەمەساڵح وتی، "پێموانیە پارتی لە بە‌غدا بکشێتەوە".

لە پرسیارێکی دیکەدا پەیامنێری وێستگەنیوز پرسی، ئەی ئەگەر رێککەوتن بکرێت مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش پێکەوە دێت، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست ئاماژەی بەوەدا، "هەرێم داوای کردووە لەگەڵ رێککەوتنەکە مووچەی مانگی پێنج و شەش لە بەغداوە بنێردرێت، بەڵام سودانی وتویەتی تاوەکو نەوت بە بۆریدا نەڕوات پارە نانێرین".



AM:10:28:08/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت