لە سنووری ئیدارەی راپەڕین رێگری لە کۆچی گەنجان دەکرێت


وێستگەنیوز- ئەمیر حەسەن

درەنگانی شەوی رابردوو لە سنووری ئیدارەی راپەڕین گەنجانی سنوورەکە گردبوونەوە دژی ئەوەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیراوە و رێگرییان لێدەکرێت کۆچ بکەن.


دوێنێ دووشەممە 7ی تەموزی 2025، لەلایەن ئاسایشی سنووری ئیدارەی راپەڕینی هەڵمەتی دەستبەسەردا گرتنی پاسپۆرتی گەنجان دەستیپێکرد بە مەبەستی رێگریکردن لە کۆچ کردنیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها ئاسایشیش ژمارەیەک کەسی دەستگیرکردووە.

دژی ئەم کارەش شەوی رابردوو لە ناحیەی ژاراوەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین خۆپیشاندانیان ئەنجامدرا، یەکێک لە خۆپیشاندەران قسەی بۆ وێستگەنیوز کرد و وتی، "دۆخی گەنجان زۆر خراپە و هەموویان بێکارن، ئەمەش وایکردووە گەنجان کۆچ بکەن".

ئەم هەڵمەتەی ئاسایش دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە 6ی تەموزی 2025، ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ڕێکخراوی گەنجانی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز ئامادەی بوو رایگەیاند، "دیسان لە دەڤەری راپەڕین کۆچی گەنجان دەستپێکردووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنها شەوی شەممەی رابردوو لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 70 گەنج کۆچیان کردووە".


AM:08:25:08/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت