رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی: دۆخەکە زۆر ناسکە لەوانەیە گۆڕانکاریی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا رووبدات


وێستگەنیوز- شاهین فواد

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، دۆخەکە زۆر ناسکە لەوانەیە گۆڕانکاریی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا رووبدات، ئاماژە بەوەشدەکات، لە سەرەتاوە دەیانزانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی عێراق رێکناکەون، بۆیە بەشدار نەبوون.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز لە هەولێر ئامادەی بوو رایگەیاند، "ماوەی زیاتر لە شەش مانگە هەڵبژاردن کراوە تائێستا دیارنییە حکومەت پێکدەهێنرێت یاخود نا، تائێستا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دیارینەکراوە، ئەمە بەڕاستی زۆر ناخۆشە بە هەرێمی کوردستان کە تێناگات لەو واقیعەی کە تیادا دەژی".

ئاماژەی بەوەکرد، "دۆخەکە زۆر ناسکە لەوانەیە گۆڕانکاریی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا رووبدات".

لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە عیرفان عەلی وتی، "ئێمە لەساڵی نەوەدەکانەوە هەوڵمانداوە کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بگەیەنینە ئەمان، لەم چەند ساڵەی رابردووش هەوڵی زۆر باشمان لەگەڵ قەندیل و دەمپارتی و تورکیا داوە".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانی وتیشی، "لەوەتەی ئۆپۆزسیۆن هەیە شپرزییەک هەیە بە بەرەکەیانەوە، بۆیە ئێمە لە سەرەتاوە دەمانزانی ناتوانن رێکبکەون لەبەر ئەوەش لەگەڵیان بەشدار نەبووین بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی".

ئەوەشی وت، "ئەگەر بزانین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیزاینکراوە هەر لە سەرەتاوە بەشداری ناکەین".

لەبارەی کێشەی مووچەوە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی وتی، "بەشێک لە کێشەکان پەیوەستە بە حکومەتی هەرێم و بەشەکەی دیکەشی پەیوەستە بە حکومەتی عێراقەوە، چونکە تائێستا سیستمێکی سیاسیی رەوا نییە لە بەغدا".


PM:07:16:15/05/2025


ئه‌م بابه‌ته 1124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت