بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ پارتی دوو حزبی جیاوازین و ناچارین حکومەتێک بەیەکەوە پێکبهێنین
وێستگەنیوز-
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، باشییەکانی تەوتین و هەژماری من بۆ خزمەتی خەڵك تێکەڵ دەکەن، ئاماژە بەوەشدەکات، کەس ناتوانێت یەکێتی قوت بدات.
ئەمشەو شەممە 19ی نیسانی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانەی دیدارێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی کوردسات نیوز رایگەیاند، "ئەگەر سەرۆکی یەکێتی نەبوومایە، حەزم دەکرد رێکخراوێکی خێرخوازیم دروست بکردایە، بڕوام بەوەنییە سیاسەت بە جۆری کلاسیک بکەم و کەس ناتوانێت یەکێتی قوت بدات".
باسی لەوەشکرد، "ئەو بەڵێنەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن دامان بە بە لا االلە الا اللە لەناو حکومەتدا هەمووی جێ بەجێدەکەین".
بافڵ تاڵەبانی لەمیانەی دیدارەکە وتی، "هیچ پەیوەندییەکم لەگەل مەسعود بارزانی نییە، بەڵام لەگەڵ مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیم هەیە".
وتیشی، "بەبێ ئۆکەی یەکێتی حکومەت دروست نابێت و لەگەڵ پارتی دوو حزبی جیاوازین و ناچارین حکومەتێک بەیەکەوە پێکبهێنین و دەمانەوێت لەگەڵ پارتی حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنین و لەسەر پەرەنسیپەکان رێکبکەوین و نزیکتربین لە یەکتر".
لەبارەی تەوتین و هەژماری من سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "باشییەکانی تەوتین و هەژماری من بۆ خزمەتی خەڵك تێکەڵ دەکەین".
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە لاهور شێخ جەنگی کرد و ئاماژەی بەوەدا، "پەیوەندیم لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی نییە، چونکە پیاوێکی باش نییە و کاتی خۆم بەفیڕۆنادەم لەگەڵی و هیچ سوودی نەبوو بۆ حزبەکەمان"،
ئەوەشی وت، "نەخێر لەگەڵ کاک لاهور کۆنەبوومەتەوە و هەرگیز نزیکبوونەوە روونادات، هەروەها حزبەکەی لاهور شێخ جەنگی کورسییەکی زیاتری هێنا لەوەی من پێشبینم دەکرد و کاک لاهور بەهێزی یەکێتی هیچی پێنەکرا، بەمانەی کە ئێستا لەدەورین هیچی پێناکرێت".
لەبارەی حزبە ئیسلامییەکان بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "پەیوەندیم لەگەڵ حزبە ئیسلامییەکان باشە، مامۆستا سەلاحەدین بەهادین و مامۆستا عەلی باپیر سیاسەتی خۆیان هەیە و ئۆپۆزسیۆنێکی بەڕێزن".
بافڵ تاڵەبانی وەڵامی شاسوار عەبدولواحیدی دایەوە لەبارەی پێدانی کورسییەکانی نەوەی نوێ بە یەکێتی رایگەیاند، "کاک شاسوار گیان من ئامادەم کورسییەکانمان بەرێ، هەم سەرۆکی هەرێم و هەم سەرۆکی حکومەت دەبەم بۆ خۆم من سوپاست دەکەم، بەڵام نایکات تەنها قۆڵبڕینە".
هەروەها باسی لە بزووتنەوەی گۆڕان کرد و وتی، "گۆڕان دۆخی هەرێمی کوردستانی تێکدا".
لەبارەی ناکۆکی نێوان محەمەد حاجی مەحمود و عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، بافڵ تاڵەبانی وتی، "هەر کاتێک کاکە حەمە پێویستی بە یەکێتی بێت، ئێمە هاوکاری دەبین، بەڵام کێشەکەی ئەوان خێزانییە جوان نییە ئێمە تەداخول بکەین".
"نە لەگەڵ مەلا بەختیار نە لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح پەیوەندیم نییە"، سەرۆکی یەکێتی وای وت.
وتیشی، "قوباد تاڵەبانیم زۆر خۆشدەوێت، زۆربەی کاتەکان پێکەوەین".
ئەوەشی خستەڕوو، "پشتیوانی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەین و رێکنەکەوتنی ئەمریکا و ئێران کاریگەری لەسەر عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێت".
سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوەکردەوە کە پشتیوانی رۆژئاوای سوریا دەکەن و دەشڵێت، "بەردەوام چاودێری سوریا دەکەین".
باسی لەوەشکرد، "تورکیا وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە، دوای گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی زانیاری ناڕاستیان بۆ تورکیا نارد".
لە بەشێکی دیکە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "گوێ لە داواکارییەکانی میللەت دەگرین و یەکێتی چەند بەهێزتر بێت ئەوەندە باشتر دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات".
PM:10:07:19/04/2025
ئهم بابهته 1196
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت