هاوڵاتییه‌كی به‌شداربووی یادی ریفراندۆم: ئه‌گه‌ر وڵاتان بێوه‌فا نه‌بن بۆ پشت له‌ ئێمه‌ ده‌كه‌ن

‌

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی ئەیلولی 2023، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی شاری هەولێر، لە بەردەم قەڵای شاره‌كه‌ کۆبونەوە بۆ یادکردنەوەی یادی "ریفراندۆمی سەربەخۆیی" و هاوڵاتییان بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و خۆشی دەربڕین گوزارشتیان لە دڵخۆشی خۆیان بۆ ئەو یادە دەربڕی.

هەر لە رێورەسەکانی یادی ریفراندۆم لە شاری هەولێر، ئاڵایەکی کوردستان کە درێژییەکەی 240 مەترە و پانییەکەی 40 مەترە، لەلایەن هاوڵاتییانەوە هەڵکرا.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی 25-9-2017 ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و شاری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان ئەنجامدرا و بەپێی ئەنجامەكانیش 93%ی دەنگی بەڵێ بوو بۆ سەربەخۆیی، دواتر حكومەت و پەرلەمانی عیراق چەندین بڕیاریان لە دژی هەرێمی كوردستان دەكرد و ئێوارەی رۆژی 29-9-2017 گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی سلێمانی و هەولێر راگیران. 

لە 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هێرشی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی هەرێم ده‌ستی‌ پێكرد و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ لە شاری‌ كه‌ركوك و دوزخورماتوو و داقوق کشانەوە و هێزە عیراقییەکان و حەشدی شەعبی ئه‌و ناوچانه‌یان كۆنترۆڵ‌ كرده‌وه‌ و ئاڵای‌ كوردستانیان له‌سه‌ر بینای‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك داگرت و ئاڵای‌ عیراقیان له‌ شوێنی‌ هه‌ڵكرد. 

دواتر و رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 17ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خمور و گوێر و شه‌نگال و سنونێ‌ و باشیك و به‌نداوی موسڵ كشانه‌وه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ شوێنیان، هاوكات هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ئاڵای‌ عیراقیان له‌و ناوچانه‌ش هه‌ڵكرد.

سه‌رله‌به‌یانی رۆژی‌ هه‌ینی‌ 20ی ئۆكتۆبه‌ری 2017،  هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی چونه‌ ناو شارۆچكه‌ی پردێ كه‌ له‌ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ربه‌ پارێزگای كه‌ركوكه‌ و دوا ناوچه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ بوو كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌دا بوو، به‌وشێوه‌یه‌ش سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ ده‌ستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نه‌مان و چوونه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ عیراق.

له‌دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌، به‌رپرسانی به‌غدا به‌چه‌ندین جۆر سزای به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌منیی پێشوی كه‌ركوكیان داوه‌ و له‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كان لایان بردون و به‌رپرسی عه‌ره‌ب و توركمانیان خستوه‌ته‌ شوێنه‌كانیان، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی چه‌ندین جار فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ هه‌ندێك له‌و به‌رپرسه‌ كوردانه‌ ده‌ركردوه‌.

ئه‌مساڵیش دۆسیه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی توركیاوه‌ به‌ بڕیاری دادگای پاریس خرایه‌وه‌ ده‌ستی به‌غدا و له‌ نوێترین بڕیاریشدا دادگای فیدڕاڵیی عێراق په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی هه‌ڵوشانده‌وه‌.



PM:06:39:25/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو