حكومه‌تی‌ عیراق دان به‌ ژماره‌یه‌ك زانكۆی هه‌رێمدا ده‌نێت


وێستگه‌ نیوز -

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق له‌ نوسراوێكدا هه‌نگاوه‌كانی دانپێدانانی به‌شێك له‌ زانكۆكانی هه‌رێم ده‌ستپێده‌كات.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ به‌پێی نوسراوێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی عیراق كه‌ له‌ كۆتایی مانگی رابردوو ده‌ریكردووه‌، بڕیاری پێكهێنانی سێ لیژنه‌ی داوه‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی پێداویستیه‌كانی دانپێدانان به‌ زانكۆكانی (سۆران، هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌رمیان، زاخۆ، ڕاپه‌ڕین، كوردستان/هه‌ولێر، پۆلیته‌كنیكی هه‌ولێر، پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و پۆلیته‌كنیكی دهۆك).

ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێم له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت: "پێشوازی له‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌ین و به‌هه‌نگاوێكی گرنگی داده‌نێین بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان".

 وتیشی‌: "ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی گرنگە بۆ زیندوکردنەوەی گیانی بەیەکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان و هاوکاری نێوانمان بۆ خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عیراق".

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم سوپاس و پێزانینی خۆی‌ ئاڕاستەی هەموو ئەو لایەنانەی‌ كرد کەهاوکار و هەماهەنگ بوون لەم پرۆسەیە بەتایبەت ئەندامانی فراکسیۆنە کوردییەکان لە لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ ئەوەش تەواوی فەرمانگەکانی وەزارەت و زانکۆ پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاری و هاوکاریکردنی لێژنە پسپۆرەکان بەمەبەستی خێرا بەڕێوەچوونی ڕێککارە پێویستەکان.

د. ئارام محه‌مه‌د راشیگەیاند كه‌ "کاردەکەین بۆ ئەوەی‌ هەردولامان پابەندبین بە بنەماکانی‌ دەستوری‌ عیراق، بەو پێیەی‌ ئەو زانکۆیانەی‌ لەلایەن حکومەتی‌ هەرێم مۆڵەتی‌ پێدەدرێت، راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی‌ عێراقی‌ دانپێنراو بێت".

بەشێک لە زانکۆ تازەکانی هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عیراقی دانپێنرا نەبون، زۆر جار دەرچوانی‌ ئەم زانکۆیانە دووچاری گرفت دەبوون لەکاتی پەسەندکردنی بڕوانامەکانیان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عیراق، بەتایبەت لەو کاتانەی دەرچوان بۆ درێژەدان بەخوێندن روویان لە وڵاتە عەرەبیەکان دەکرد.


PM:07:35:02/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو