فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه له میحوه‌ری زومار به وێستگه نیوزی راگه‌یاند: به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی لە ناوچەی سحێلای باكووری شارۆچكەی زومار لە رۆژئاوای دیجلە هێرشیان كرده سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: سه‌ره‌تا هێرشه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌ناردنی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر پێشمه‌رگه، به‌ڵام له لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه ته‌قه‌ی لێكراو خرایه خواره‌وه.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی پێشمه‌رگه راشیگه‌یاند: "دواتر چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی هێرشیان ده‌ستپێكرد و پەلاماری گوندەکانی حەمەد ئاغا‌و بەردیەیان دا، بەڵام له لایه‌ن پێشه‌رگه‌وه به‌رپه‌رچ درانه‌وه‌و زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وت و ژماره‌یه‌ك كوژراو و برینداریان لێ به‌جێماوه".
ئەوەشی وت: "پێشمەرگە لە ھەردوو گوندی جرونیێ و عەین عوزێر پاشەكشەی بە چەكدارانی حەشدی شەعبی كردووە و پێشمەرگە ژمارەیەك تانك و زرێپۆشی حەشدی تێكشكاندووە".
پێشتر، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا، دۆخەكەی بە مەترسیدار ناوبردووە و داواشی لە حكومەتی بەغدا كردووە، دەستپێشخەرییەكەی ھەرێمی كوردستان قبوڵ بكات و دەست بكرێت بە ئەنجامدانی گفتوگۆی بێمەرج".
ھەروەھا ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەشكردووە كە ئەم جوڵە سەربازییانە ھەل دەداتە ئێران بۆ زیاتر فراوانكردنی ھەژموونی خۆی و تێكدانی دۆخی سەقامگیری لە ھەرێمی كوردستان.
AM:08:14:26/10/2017
ئه‌م بابه‌ته 15736
جار خوێنراوه‌ته‌وه